مامۆستا بەشیر موشیر پیاوێک لە شەقڵاوە ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  775 بینین

مامۆستا «بەشیر موشیر» پیاوێک لە شەقڵاوە بڕیاری پێدابوو کە کچەکەی خۆی بدا بە کوڕەکەی. ئەمیش لە بەغداوە «شامل»ی کوڕی هەڵئەگرێ و ئەچن بۆ شەقڵاوە بۆ خوازبێنی و گواستنەوەی کچ. دیارە کوڕە و باوک هەردووکیان خۆیان ڕێک و پێک و تاس و لووس ئەدەن. لەوێ کچەکە لە کوڕەکە مارە ئەکەن. لە دەمەدەمی گەڕانەوە و گواستنەوەدا مامۆستا و باوکی کچە لەسەر تۆزێ وردە پیتاک بەینیان تێک ئەچێ. مامۆستا هیچ سێ و دووی لێ ناکا ئەڵێ: بڕۆ هەر سێ تەڵاقی کچەکە کەوتبێ! شاملیش بە تەواوی دڵی قەد و باڵای کچە چووبوو، ئەوا بە تەمایە کچ سوار بکرێ و بگەڕێنەوە. باوکی پێی ئەڵێ: هەستە ڕۆڵە با بڕۆین. ئەڵێ: ئەی کچەکە؟ ئەڵێ: کچەکەم تەڵاق دا هەستە با بڕۆین. ئەڵێ: بابە کچ ژنی منە تۆ چۆن تەڵاقی ئەدەی؟ ئەڵێ: هەستە هەتیو ئەم ناجسنانە لەوانە نین خزمەتیان بکرێ، ئەوە دەردیان بێ با بڕۆین کچەکەیانم تەڵاق دا. هەرچەندە شامل هاوار ئەکا کەڵکی نابێ، هەر ئەڵێ تەڵاقم داوە با بڕۆین. شاملی قوڕبەسەری خۆ تاس و لووسدەری بۆ تازە زاوایی، بە هەناسە ساردی لەگەڵیا ئەگەڕێتەوە بۆ بەغدا.