ئەوڕەحمانی خامە لە سلێمانی ساڵی سەرما و...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  722 بینین

ئەوڕەحمانی خامە لە سلێمانی، ساڵی سەرما و بەفرە زۆرەکە میوانێکی خەڵکی ئەو شارەزوورەی بۆ پەیدا ئەبێ. شەوێ زۆر سارد ئەبێ کابرا ئەڵێ: خاڵە ئەوڕەحمان فرە ساردە شتێک نادەی وە سەرما؟ خاڵە ئەوڕەحمانیش هەڵئەستێ حەسیرە شڕێک لەو ناوەدا ئەبێ پیایا ئەدا. پاش تۆزێک کابرا ئەڵێ: بەخوا کاکە ئەوڕەحمان هەر فرە سەرمامە بەڵکوو لێفەیەکی ترم پیادەی. کاکە ڕەحمان پەیژەیەک لە ناوەدا ئەبێ پەیژەکەش لە باتی لێفە لەسەری دائەنێ!

کابرا ئەکەوێتە چۆقەچۆق ئەڵێ: کوڕە بێفەڕ کوڕی خامە سنەیی! مردم لە سەرمایا لێفەیەکی ترم پیا دە. ئەمجا هەڵئەستێ ئەو ڕۆژە ماڵی دراوسێ هاتبوون جلیان شتبوو سوێنەکەی هەر وا پڕی بوو لە ئاو، شوێنە هەڵئەگرێ و لەسەر پەیژەکەی دائەنێ. کابرا ئەکەوێتە جووڵەجووڵ، سوێنە و پەیژەکە ئەلەرێنێتەوە و ئاوەکەی ئەڕژێتە سەر حەسیرەکە، لەسەر حەسیرەکەوە دڵۆپ دڵۆپ بەر ئەبێتەوە سەر کابرا. کە ئەمە ئەبینێ لای وایە عەرەقی کردووەتەوە ئەڵێ: خاڵە ئەوڕەحمان عەرەقێکی فرەم کردگەسۆ، پیاگەتیت بێت لێفە سەرگەکەم لە سەر لاوە، فرە حاڵم خراوە!