ئەحەی کڕنوو وەکوو شەربەتی ئەفرۆشت جار...
ئەحەی کڕنوو وەکوو شەربەتی ئەفرۆشت، جار جاریش قەسابی ئەکرد. ڕۆژێک مەڕێکی سەربڕی بەڵام مەڕ ئەوەندە لاواز و بێفەڕ بوو گۆشتەکەی نەئەخورا و کەس لێی نەکڕی، بە دەستیەوە داما. مەلا ئەحمەدی کانی گۆمەیی هەبوو لەو سەردەمەدا لە سلێمانی مردووی ئەشۆرد. هەستا چووە لای وتی: مەلا ئەحمەد من پیر بووم و ئەترسم لە ناکاو بمرم هیچ ئومێدێکم بە کوڕەکانم نییە. هەر لە ئێستەوە کفن و قەبر و هەموو شتێکم بۆ خۆم حازر کردووە ماوەتەوە سەر شۆردنەکەم. وەرە مەڕێکی بریانم سەر بڕیوە ئەتدەمێ بۆ خۆت لەگەڵ منداڵەکانتا بیخۆ لە باتی هەقی شۆردنم، بەڵام هەر کاتێ مردم ئیتر مەیڵە کوڕەکانم توخنم کەون. خێرا وەرە بمشۆ! مەلا ئەحمەدیش شتی وای لە خوا ئەوێ، چونکە خۆڕاییە هەستا چوو لاشە مەڕی هێنا و لە ماڵەوە دەستیان کرد بە خواردنی.
نزیکەی بیست ڕۆژێکی پێچوو ئەحە چوو بە لای مەلا ئەحمەدەوە، وتی: مەلا ئەحمەد کاسبیەکە لێرە ناچێ بەڕێوە، ئەچم بۆ کەرکووک لەگەڵم وەرە با بچین بۆ ئەوەی! مەلا ئەحمەد وتی: من ئیشم چییە بە کەرکووک؟ وتی: برا وەختی خۆی من تۆم بە کرێ گرت کە مردم بمشۆی و ئیتر پێویستم بە یەکێکی تر نەبێ؛ هەقەکەشتم لە پێشەوە پێداوی و هەر ئەبێ لەگەڵم بێیت بەڵکوو من لە کەرکووک مردم!
لەم قسەیەک و لەو قسەیەک بوو بە هەرایان. خەڵک و خوا کەوتنە بەینەوە و لە ئەنجاما هاتە سەر ئەوە کە مەلا ئەحمەد پارەی مەڕەکە بداتەوە بە حاجی ئەحمەد. حاجی ئەحمەدیش قبووڵی نەکرد. بەڵام خەڵکەکە ڕوویەکی زۆریان لێنا، ئەمجا پارەی بەرانێکی لێ سەند و مەلا ئەحمەد بە هەر جۆرە بوو ڕزگاری بوو لە دەستی.