مستەفا بەگی کەریم بەگی جاف و مەحموو بەگی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  1097 بینین

مستەفا بەگی کەریم بەگی جاف و مەحموو بەگی ڕەزا بەگ - کە خزمی یەک بوون - بە ترومبێلێک لە کەلارەوە دێن بۆ خانەقین. پیاوێکیشیان لە گەڵا ئەبێ، سپڵۆتێکیش هەر لە ترومبێلەکەدا ئەبێ. لە ڕێگادا مستەفا بەگ دەست ئەکا بە هۆرە کردن. بە قسەی عەلی بەگی ڕەزا بەگ دەنگیشی زۆر ناخۆش ئەبێ. هەر کە ئەو دەست ئەکا بە هۆرە کابرای پیاوە کە لەگەڵیان ئەبێ خوڕ خوڕ ئاو بە چاویا دێتە خوارەوە. مەحموو بەگیش هەر ئەڵێ: مستەفا بەگ بەسیە بیوڕەوە! مستەفا بەگیش هەر نایبڕێتەوە. لە ئەنجاما مەحموو بەگ ئەڵێ: مستەفا بەگ تۆ ڕەنگ بێ گریانی ئەم کابرایە دەستی بڕیبیت و وا بزانی لە بەر دەنگخۆشی تۆ دەستی کردووە بە گریان؟ وا نییە، بەو سەی خەلیلە لەبەر ئەوە ئەگری ئێژێ جا ئەمە هەر لێرەوە تا خانەقین من گوێم لەم دەنگە ناخۆشە بێ خۆ پێشەکەشم ناچێتە خانەقین. ئیتر مستەفا بەگ بێدەنگ ئەبێ!