جارێک کابرایەکی خوڕخوڕەیی زۆر ناشیرینی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  667 بینین

جارێک کابرایەکی «خوڕخوڕەیی» زۆر ناشیرینی، زۆرخۆر، بۆ سەپانی ڕێی ئەکەوێتە وڵاتی بانە و ئەچێتە دیوەخانی حەمە خانی بانە. لە کاتی نان خواردنا کابرا شانی لێ توند ئەکا و دەست ئەکا بە خواردن. لەو وڵاتی کوردەواریە سەپان بە خواردن تاقی ئەکەنەوە، ئەگەر زۆر بخوا ئەوە ئیشکەر و سەپانی چاکە، بەڵام خواردنی ئەم کابرایە لە وزە دەرچووبوو وای لێ هاتبوو حەمە خان چووبووە سەیری. لەو کاتەدا حەمە خان لێی پرسی: کابرا تۆ خێزانت چەندە؟ ئەڵێ: قوربان نۆ کچم هەیە. ئەڵێ: ئەوان جوانترن یا تۆ؟ ئەڵێ: قوربان من لەوان جوانترم، بەڵام ئەوان لە من زۆر خۆرترن!