کابرایەک هەبوو لە بالیسان زۆر فەقیر ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  670 بینین

کابرایەک هەبوو لە «بالیسان» زۆر فەقیر بوو. ئەگەر جار جار لە ئاوایی گۆشتیان بکوشتایەتەوە هەندێ لە ڕیخۆڵە و ورگەکەیان بۆ ئەبرد بۆ ئەوەی بیکەن بە چێشت و بیخۆن. پشیلەیەک پێیان فێر ببوو ئەهات لێی ئەدزین! ڕۆژێک کابرا چوو بۆ هەولێر بە هەر جۆر بوو «بیور» ێکی هێنا بۆ ئەوە جار جار کۆڵە دارێکی پێ بکا و بیدەن بە شتێک و پێوە بژین. کە بیوەرکەی هێنا ژوورێکیان هەبوو لە پشتەوە بردی لەوێ داینا و توند دەرگاکەی پشت کۆڵ کرد لەسەری. ژنەکەی وتی: ئەوە بۆ چی بیورەکەت بردە ئەوێ؟ کابرا وتی: تا پشیلە نەیدزێ. ژنە وتی: پیاوەکە پشیلە چۆن بیور ئەدزێ؟ وتی: چما تۆ ئەقڵت هەیە؟ ئەو گرتکە گۆشتێک کە چوار پوول ناهێنێ ئەیدزێ، هەنووکە بیورێک لە دە قڕان دێنێ کوو نایدزێ؟