تازە شەمەندەفەر داهاتبوو بێجگە لە زەلام...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  946 بینین

تازە شەمەندەفەر داهاتبوو. بێجگە لە زەلامەکە هەر گیانلەبەرێکی تر بخرایەتە شەمەندەفەرەوە ئەبوایە خاوەنەکەی پارەی لەسەر بدایە.

کابرایەکی کوردی خەڵکی ئەو دەوروبەرەی «لەیلان»ە سواری شەمەندەفەر ئەبێ کە بچێت بۆ بەغدا، کەڵەشێرێکی پێ ئەبێ؛ ئەگەر کەڵەشێرەکە بە ئاشکرا لەگەڵ خۆی بەرێ، ئەبێ پارەی لەسەر بدا. ئەویش ئەو پارەیەی نابێ بیدا. ناچار کەڵەشێرەکە ئەخاتە ناو دەرپێکەیەوە و لەوێدا ئەیشارێتەوە. کە لە ناو شەمەندەفەرەدا دائەنیشن بەڕێکەوت پیرێژنێکی عەنکاوەیی هەندێ پەنێری پێ ئەبێ و لە تەنیشت ئەم کابرایەوە دائەنیشێ. کابرا کونێک لە عاستی نافەکی دەرپێکەیدا ئەبێ، کەڵەشێرەکە هەموو جار لەو کونەوە سەر دەردێنێ دەنووکێک لە پەنێری پیرەژن ئەدا و سەر ئەباتەوە ناو دەرپێکە. ئیتر بە تەواوی بە پەنێرەکە فێر ببوو! لە ئاخرا پیرەژن پێی ئەزانێ و تەماشا ئەکا ئەوا هەر جارە لە ناو لنگی ئەم کابرایەوە شتێکی سەرسوور دێتە دەرەوە و تۆزێ لە پەنێرەکەی ئەبا و ئەگەڕێتەوە دواوە. زۆر واقی وڕ ئەمێنێ؛ تەنانەت ئەم واق وڕمانەی ئەم سەرنجی کابرا ڕائەکێشێ و ئەڵێ: ئەوە وا بە کوڵ سەیری چی ئەکەی؟ (کابراش بە حاڵەکە نازانێ) ژنە ئەڵێ: بەخوا برا گەلێ کێرم دیوە بەڵام تا ئێستە کێری پەنێر خۆرم نەدیوە!