لە دیاربەکر پیاوێک هەبوو حیفۆی ناو بوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  813 بینین

لە دیاربەکر پیاوێک هەبوو «حیفۆ»ی ناو بوو. ئەم حیفۆیە پیاوێکی دەوڵەمەند و بە دەسەڵات بوو. دز و درۆزن زۆر تەماعیان تێ ئەکرد؛ بەڵام بۆیان ڕێ نەئەکەوت. وەکوو دەوڵەمەندییەکەی ناوبانگی دەرکردبوو، قایم کاریەکەشی بەو جۆرە ناوی دەرکردبوو، ڕۆژێک دەستە دزێکی کوڕوکاڵ دا ئەنیشن و ئەم باسی قایم کاری حیفۆیە دێتە ناوەوە، کە کەس ناتوانێ دزیی لێ بکا، یەکێک لەوانە گرەو ئەکا لەگەڵ ئەوانی ترا کە ئەگەر بچێت و دزی لێ بکا بەرامبەر ئەوە ئەمانیش شتی ئەدەنێ. لەسەر ئەم بڕیارە لە یەک جیا ئەبنەوە.

شەوێ کابرای دز ئەچێ بۆ ماڵی حیفۆ، ئەتوانێ بچێتە ژوورەوە. حیفۆ لێی بە ئاگا دێت، بە بێ چرپە هەڵئەستێ دێ ئەم دیوی دەرگاکەی لێ ئەگرێ و دەرگاکەی لێ پێوە ئەدا. دزە لە ژوورەوە ئەمێنێتەوە. پاش ماوەیەک حیفۆ پیاوێکی لا ئەبێ «سمۆ»ی ناو ئەبێ، دزەکە ئەزانێ ئەو پیاوەی لا هەیە و ئەیناسێ؛ بەڵام ئەو شەوە لە ماڵ نابێ و حیفۆیش ئەزانێ کە لە ماڵ نییە، بە دەسانقەس بانگ ئەکا: سمۆ، سمۆ. دزە بۆ ئەوەی شوێنەونی خۆی بکا و ڕێگەیەک بۆ دەرچوون بدۆزێتەوە خۆی ئەکا بە سمۆ و ئەڵێ: بەڵێ، دنیاش تاریکە حیفۆ ئەڵێ: ئا وەرە تۆزێ قاچم بشێلە. دزە دێت و دەست ئەکا بە قاچ شێلانی حیفۆ. دزە دەست و پەنجەیەکی نەرمی ئەبێ لە هی سمۆ نەرمترە. حیفۆ دەعباکەی ڕاست ئەبێتەوە. ئەڵێ: ئا سمۆ وەرە پشت هەڵکە و لە کۆشی خودانی خۆت دانیشە. دزە هەر ئەوە پێی نەزانرێ کە دزە. چار ناچار وا ئەکا. حیفۆیش چار ناچار وای لێ ئکا!

پاش ماوەیەک دیسان حیفۆ ئەڵێ: ئا سمۆ وەرە کۆشی خودانی خۆت ئەویش ئەچێ و ئەمیش ئەبێ! بە گشتی پێنج جار وای لێ ئەکات. حیفۆ بارگیرە لەڕێکی لاوازیان لە ماڵا ئەبێ و بۆ جاری شەشم بانگ ئەکا سمۆ! ئەڵێ: بەڵێ. ئەڵێ: ئا بچۆ ناوی بارگیرەکە بدە.

دزە ئەچێ دۆلکە ڕائەهێڵێتە بیرێ ئاوەوە و ئاوی پێ هەڵێنجێ، بەڵام دۆلکە دڕاوە، هەتا ئەیکێشێتەوە سەر بە حاڵ تۆزێ ئاوی تیا ئەمێنێ، ئەیدا بە بارگیر. بارگیر هەر بەر زمانیشی ناکەوێ، بە ناچاری دایئەهێڵێتەوە بیرەکە و جارێکی کە سەریخاتەوە، ئەمیش ئەزانێ دۆلکە دڕاوە، بەم جۆرە چەند جار ئەم دۆلکەیە ئەخاتە بیرەکە و هەڵی ئەکێشێتەوە و بارگیر هەر تێر ناخواتەوە.

کە ئەگاتە ئەم شوێنە حیفۆ گوایا خەو لە خۆی ئەخا، دزە بە دەرفەتی ئەزانێ بۆی دەرئەپەڕێ و دەرئەچێ. کە دێتە دەرەوە سەیر ئەکا وا دەستە دزێکی تر خەریکن دیواری ماڵەکەی حیفۆ ئەکەنن بۆ ئەوەی بچن شتێک بدزن. ئەڵێ: کوڕە ئەوە خەریکی چین؟ عەزیەتی خۆتان مەدەن. ئەم ماڵە هیچی تیا نییە و تەنها دوو شت نەبێ، پیاوێکی قوڕمساغی تیایە ئەڵێی ڕۆنی مەیموونی خواردووە، لە گان تێر ناخوا! ماینە قوڕێکیشی تێدایە ئەڵێ ئاوبەنییە، لە ئاو تێر ناخواتەوە! ئیتر بۆ کوێ ئەچن؟