لە دەورەی عەبدولحەمیددا عەبدولحەمید ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  818 بینین

لە دەورەی عەبدولحەمیددا، عەبدولحەمید فەرمانی دابوو کە «فەلە» نەهێڵن، یا بیانکوژن یا موسڵمان ببن. کوردێک تووشی فەلەیەکی دراوسێی خۆیان ئەبێ، لوولەی تفەنگی لێ ڕائەکێشێ و ئەڵێ: کوڕە کافر! موسڵمان بە، ئەگینە ئەتکوژم. ئەویش ئەم ئەناسێ ئەڵێ: برا ئێمە دراوسێ بووین و ناسراوی یەکین چۆن ئەمکوژی؟ ئەویش هەر ئەڵێ: کوڕە کافر! ئەگەر ئەتەوێ نەتکوژم موسڵمان بە. ئەویش ئەڵێ: باشە موسڵمان ئەبم بەڵام تۆ خۆت ئەزانی من فەلەم نازانم بڵێم چی؟ ئەوا ئەمیش لوولە تفەنگی لە کارایە، هەر ئەڵێ: موسڵمان بە ئەگینا ئەتکوژم. ئەویش هەر ئەیوت ئاخر نازانم بڵێم چی؟ ئەمجا کەوتە ئێرە کابرای کوردە وتی: ها! وەڵڵا نازانم بڵێیت چی؟