لەو موکریانە مەلایەک هەبوو مەلا ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  856 بینین

لەو موکریانە مەلایەک هەبوو «مەلا یاروەل»ی ناو بوو؛ موریدی شێخی بورهان بوو، پیاوێکی هەتا بڵێی بە دین و لەخواترس بوو. لە دێی «گوڵۆڵان» بوو، لە لای پیرۆت ئاغای گەورە. «خمە» جوو هەبوو ئەویش هەر لە گوڵۆڵان بوو.

ڕۆژێ پیرۆت ئاغا دووسەد تمەن لە خمە جوو ئەستێنێ بە ناوی جەریمەوە. خمە دێ بۆ لای مەلا یاروەلی کە بچێت بۆ لای ئاغا و تکای لێ بکا پارەکەی بداتەوە. مەلا یاروەلیش بە ماوەی ئەو ژیانە پان و درێژەی ڕووی نەکردۆتە ماڵی پیرۆت ئاغا بە لایەوە وابوو ئەگەر بە بەر سێبەری حەوشەکەیا تێپەڕێ، ئەچێتە جەحەنم. چونکە هەموو ماڵی ئاغای بە حەرام ئەزانی. هەموو کەس ئەمەی بەرانبەر بە مەلا یاروەلی ئەزانی.

مەلا یاروەلیش بە خمە ئەڵێ: خمە تۆ ئەزانی من ناچم بۆ ماڵی پیرۆت ئاغا، بەڵام باشە ئەگەر هاتە ئێرە پێی ئەڵێم بتداتەوە. خمەش ئەڵێ: مامۆستا ئەوە تۆ ئەڵێی چی؟ بە حەزرەتی مووسا هەتا دوو سەعاتی تر هەمووی ئەکا بە قومار و شاییەکی لا نامێنێ. خمە زۆر ئەڵێ و مەلا یاروەلی کەم ئەیبیست، هەر ئەڵێ: با بێتە ئێرە پێی ئەڵێم.

لە ئاخرا خمە پێی ئەڵێ: مامۆستا ئەگەر بچیت بۆ لای ئاغا و ئەم پارەیەم بۆ بستێنیتەوە دۆعات بۆ ئەکەم بچیتە بەهەشت! مەلا یاروەلی سووک و باریک بەبێ قسە هەڵئەستێ و ئەچێ بۆ ماڵی پیرۆت ئاغا. پیرۆت ئاغا لە خۆشیدا پێی ناکەوێتە عەرز، چونکە تا ئێستە مەلا یاروەلی نەچووەتە ماڵ. مەلا یاروەلی بۆ پارەکەی خمە جوو پێی ئەڵێ، ئەویش بەبێ قسە هەر دووسەد تمەنەکە خێرا بە پیاوی خۆیا ئەنێرێتەوە بۆ خمە و پێی ئەدەنەوە. ماوەیەکی پێ ئەچێ شێخی بورهان ئەمە ئەبیستیتەوە کە وا بەو جۆرە مەلا یاروەلی چووەتە ماڵی پیرۆت ئاغا، ئەشزانێ تا چەند ئەندازە مەلا یاروەلی لە خوا ترسە. ئەنێرێ بە شوێنیا و ئەیهێنن. لێی ئەپرسێ: مەلا یاروەلی بیستوومە خمە جوو وتوویە دۆعات بۆ ئەکەم بچیتە بەهەشت بچۆ ئەو پارەم لە پیرۆت ئاغا بۆ بستێنیتەوە، ئەمە ڕاستە؟ ئەویش ئەڵێ: بەڵێ قوربان ڕاستە. ئەڵێ: جا چۆن؟ تۆ بە دۆعای جوو ئەچیتە بەهەشت؟ ئەڵێ: قوربان ئەوەندە دڵم بە بەهەشتەوەیە ئەڵێم بەڵکوو دۆعای جوویشم بۆ بکەوێتە کار و هەر بەو شەرتە بیبینم!