میمکە پانێ هەبوو باشکی و لە عەشیرەتی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  819 بینین

«میمکە پانێ» هەبوو باشکی و لە عەشیرەتی جاف بوو. کوڕێکی هەبوو «مەلا سەعید»ی ناو بوو. مەلا سەعید لە بنکەی «بنەبەراز» لەو دیوی هەردەوە بوو بە لای پیوازەوە. ئەم مەلا سەعیدە ڕادیۆیەکی پاتری ئەبێ، ڕۆژێک میمکەپانێ ئەچێ بۆ لای مەلا سەعیدی کوڕی. ڕادیۆکەش لەسەر ئێستگە کوردییەکەیە و گۆرانی کوردی ئەڵێ. هەڵ ئەستێ ئەچێ بۆ دەرەوە ڕادیۆکە داناخا ئەوا ڕادیۆ گۆرانی ئەڵێ و میمکەپانێ بە لایەوە دانیشتووە.

زۆری پێ ناچێ میمکەپانێ تاقەتی ئەچێ و ڕوو ئەکاتە ڕادیۆکە و ئەڵێ باوکم مەلا سەعید چووەتە دەرەوە و منیش پیر بووم ئەوەندە تاقەتم لە گۆرانی نییە. ئەگەر بە زەحمەتی نازانی بیوڕەوە!

ڕادیۆ دیارە هەر گۆرانی خۆی ئەڵێ. دیسان میمکەپانێ پێی ئەڵێ: برام پێم وتیت مەلا سەعید لە ماڵەوە نییە و منیش گۆرانیم گەرەک نییە، بیوڕەوە! هەر کەڵکی نابێ ڕادیۆ هەر ئەیڵێ، ڕووی تێ ئەکاتەوە و ئەڵێ کاورا تۆ چەنەباز و چەقاوە سوویت. من ئێژم گەرەکم نییە تۆ هەر وە زۆر دەنگی خۆت ئەفرۆشیت. ئەمە ئەڵێ و هەڵئەستێ هەچ نوێنێکیان ئەبێت ئەیهێنێ ئەیخا بە سەر ڕادیۆکەدا و ئەڵێ: وە کەلام، ئێستە خەفەت ئەکەم!

ڕادیۆ هەر دەنگی دێت ئەمجا ئەڵێ: دەویت باوک! تۆ دیارە ئێژی بەچکە دۆمیت تا لێت نەدەم ئاقڵ ناویت. پەلاماری گاڵۆکێک ئەدات، دێنێ نوێنەکان لا ئەدا و ڕادیۆ ئەداتە بەر گاڵۆک و ورد و خاشی ئەکا و ئەمجا کە ئەشکێ ئیتر بێ دەنگ ئەبێ. ئەڵێ: دەویت باوک! تا خۆتت وە لێدان نەدا لە چەنەبازی نەکەوتیت!

پاش ئەوە مەلا سەعید کوڕی دێتەوە ئەڵێ: دایە ئەوە کوا ڕادیۆکە؟ ئەڵێ: ڕۆڵە ئەم کاورایە زۆر بێفەڕ و چەنەوازە؛ هەرچەندم پێ وت برام من حەز لە گۆرانی ناکەم ئەو هەر وازی نەهاورد. لە ئاخرا دامە بەر تێڵا و ئەو وەختە بێدەنگ ناوێ! مەلا سەعید کە ئەچێتە سەر ڕادیۆکە سەیر ئەکا ورد و خاش بووە بە سەر یەکا. ئەڵێ: خوا بتگرێ دایە بۆ ئیشێ کردت.