شێخ هادی شێخ حەسەنی پشدەری چەند قسەیەکی ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  894 بینین

شێخ هادی شێخ حەسەنی پشدەری چەند قسەیەکی نارد بۆ ڕشتە، لەوانەدا گێڕایەوە و وتی: کابرایەکی ماخۆلانی کەوتبووە سەر ئەوە بچێ لە ئیش و کاری خوا ورد ببێتەوە چونکە گەلێ جار شتی وای بەرچاو ئەکەوت هیچ نەئەچووە ئەقڵیەوە! ئەم کابرایە بەم فەرمانەوە لە دەشتێکا ئەسووڕایەوە توشی کانی و سەراوێک بوو. دارێک لەسەر کانییەکە بوو. ڕۆژ درەنگ بوو، لە بن دارەکەدا ڕاکشا بۆ ئەوەی تۆزێ بحەسێتەوە، پاشان وتی: دیارە شەوم بە سەرا دێت و لێرە ئەمێنمەوە جڕوجانەوەر و دڕندەش زۆرە؛ چاک ئەوەیە بچمە سەر دارەکە نەوەک تووشی شتێک بم.

هەستا چووە سەر دارەکە و زۆری پێ نەچوو سوارێک هات ئاو بخواتەوە. کە ئاوەکەی خواردەوە پریاسکێکی زلی پێ بوو، لێی کەوت و پێی نەزانی لێی دا ڕۆیشت. تومەز ئەم پریاسکەیە پارەیەکی زۆر بوو، لێی بە جێ ما. کە کابرا لە چاو ون بوو کابرایەکی تر دیسان بۆ ئاو خواردنەوە هاتە سەر کانییەکە. پریاسکە پارەکەی بەر چاو کەوت پارەی هەڵگرت و لێیدا ڕۆیشت.

دوابەدوای ئەو شوانێک ڕانەکەی دابووە پێش و ڕانی هێنا بۆ سەرکانی بۆ ئاوی بەیانی. تەماشای کرد سوارەکەی یەکەمجار بە پڕتاو گەڕایەوە بۆ سەر کانییەکە و ڕووی کردە شوانە و وتی: کابرا پریاسکەیەکم لەسەر ئەم کانییە لێ کەوتووە و بێجگە لە تۆ کەسیش نەهاتووەتە ئێرە، پریاسکەکەم پێ بدەرەوە. کابرای شوانە وتی: باوکم وەڵڵا نەمدیوە، گەڕم لێ لادە. لەم قسەیەک و لەو قسەیەک کابرای سوارە دای لە شوانەکە و شوانی کوشت و ڕان بێ شوان مایەوە و ئەویش بۆ خۆی لێیدا ڕۆیشت.

کابرا کە لەسەر دارەکە بوو لەم ئیشە زۆر سەری سوڕما وتی: ئاخر خوایە من ئەڵێم ئیشەکانت هیچیان لە شوێنی خۆیا نییە، کە چی بەندەکانت پێم ئەڵێن کافر بووە ئاخر یەکێکی تر پارەکەی هەڵگرت و بێ ئارەق بۆی دەرچوو. ئەم شوانە هەژارە چ سووچێکی هەبوو وا بە خۆڕایی بە کوشتت دا؟

ئەم لەم خەیاڵ قسە کردنا بوو کتوپڕ پیاوێکی ڕیش سپی نوورانی پەیدا بوو، هاتە بن دارەکە و سەری بەرز کردەوە و وتی: کابرا دابەزە. کابرا لە ترسانا بە نیوە گیانێکەوە دابەزی. ئەمجا پێی وت: دیارە تۆ لە ئەم ئیشە سەرت سوڕماوە. وتی: ئەرێ وەڵڵا! ئاخر ئەمە ئیشە خوا کردی؟ قەزای دێزە بکەوێ لە گۆزە ئەمەیە! خاڵەی نوورانی وتی: کە واتە با من تێت بگەیەنم، وتی: ئەو کابرایەی کە هات پارەکەی هەڵگرت ئەو پارەیە سەد لیرە بوو، وەختی خۆی ئەم کابرای سوارە سەد لیرەی بە زۆر لەو کابرایە سەندبوو پێی نەئەدایەوە، هەرچەند کابرا هاواری ئەکرد کەڵکی نەئەگرت. کە هاتە سەر کانییەکە سەیری کرد سەد لیرە کەوتووە، نەشی ئەزانی هی کێیە، هەڵیگرت و لێی دا ڕۆیشت، بە پارەی خۆی گەیشتەوە. ئەم شوانەش کە تۆ ئەیبینی وا لەوێ کەوتووە و تۆ لات وایە بە ناهەق کوژراوە، ئەمە وەختی خۆی باوکی ئەو سوارەی کوشتبوو؛ سوارەکەش ئەیزانی کە وا ئەم باوکی ئەوی کوشتووە. بە ناوی پارەوە لێیدا و کوشتی. ئەمانە هەر یەک بە تۆڵەی خۆیان گەیشتنەوە بە بێ ئەوەش پێی بزانن. ئەوی یەکێک بکوژێت هەر ئەبێ بکوژرێتەوە، ئەوی زوڵم و جەور لە یەکێ بکا ئەبێ لە ئاخرا بیداتەوە دەست. زۆرلێکراو حەقی ناڕوا و زاڵمیش ئەبێ جەزای خۆی ببینێ. ئەمە بوو کارەساتی ئەمانە، ئیتر بچۆرەوە ماڵی خۆت و دانیشە و خوا هەر ئیشێ کە ئەیکا هەمووی لە شوێن خۆیایە و هیچ ئیشێکی بێ مەسڵەحەت نییە.

کابرا کە ئەمەی چاو پێ کەوت، ئیتر تۆبەی کرد و لەو خەیاڵە پاشگەز بووەوە و چووەوە ماڵی خۆی.