کابرایەک هەبوو باوەنووری ناو بوو قەرز...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  731 بینین

کابرایەک هەبوو «باوەنوور»ی ناو بوو. قەرزاری کابرایەکی شاری بوو. کابرا هەرچەند هاواری ئەکرد، باوەنوور هیچی نەبوو پێی بداتەوە. لە ئاخرا ڕۆژێ لە کەلەبەرێکا بە گیری هێنا و ڕاپێچی دا. باوەنوور وتی: بابە بۆ نیوەڕۆ وەرە بۆ ماڵەوە پارەکەم بۆ داناوی ئەتدەمێ.

باوەنوور چووەوە بۆ ماڵەوە بەڵام زۆر پەرۆش بوو. ژنەکەی لێی پرسی: بۆ چ وا دۆش دابردووی؟ وتی: وازم لێ بێنە قەرزاری کاورای شاریم، بە گیری هێنام و وتم پارەکەتم لە ماڵەوە داناوە. وەرە بۆی. ئێستا نیوەڕۆ دێت و هیچم نییە بیدەمێ. نازانم چی بکەم؟ ژنەکە وتی: خەمت نەبێ، کە هات من پێی ئەدەمەوە. کابرا وتی: چۆن؟ تۆ لە کوێت بوو؟ وتی: تۆ کارت نەبێ کە ئەو هات تۆ خۆت مەخەرە بەرچاوی، من جێبەجێی ئەکەم.

کابرای شاری بۆ نیوەڕۆ چوو بۆ ماڵی باوەنوور و لەبەر قاپی وەستا و داوای باوەنووری کرد. ژنە لە پێش ئەوەدا کە کابرا بێت هەندێ دڕک و داڵی لەبەر قاپییەکەی خۆیانا دانابوو ئەنجا چوو بە پێشوازی کابرا وتی: ها برا چییە؟ کابرا وتی: قەرزم لای باوەنوورە و بۆی هاتووم. ژنە وتی: بەخێر بێی هەقەکەت لای منە، من ئەتدەمێ. کابرا زۆری پێخۆش بوو وتی: دەبێنیە. وتی: ئەو دڕکانە ئەبینی لە بەر قاپییەکە؟ وتی: بەڵێ. وتی: قەرزەکەت بەو دڕکانەوەیە. وتی: چۆن؟ وتی: ئەوە ئەو دڕکانەم لەوێ داناوە بەیانی و ئێواران ئاوایی بەوێدا دێت و ئەڕوا، خورییەکانیان ئەبێ بە دڕکەوە، من لێی ئەکەمەوە و ئەیشۆمەوە و ئەیڕێسم و ئەیکەم بە جاجم؛ ئەیبەمە بازار و ئەیفرۆشم و ئەیدەم بە پارە، ئەیدەمەوە لە باتی قەرزەکەت.

کابرا ئەم کەین و بەینەی زۆر بەلاوە سەیر بوو دەستی کرد بە پێکەنین. باوەنوور لەسەر بانەوە خۆی شاردبووەوە، کە گوێی لە دەنگی پێکەنینەکەی بوو ملێکی لار کردەوە و سەیرێکی کابرای کرد، وتی: ها سەیرکە، کە هەقەکەی خۆی دەستکەوتۆتەوە لە خۆشیانا پێئەکەنێ!