هەر لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردییە کە زینە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  820 بینین

هەر لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردییە کە زینەوەری تر قسەی هەیە ئەڵێ:

لەو دەشتی لاجانە حوشترێک لێ کەوتبوو چووبووە دەریای ئەندیشە و کاوێژەوە. لە دواوە کۆمی وەکوو لاشە کۆشتێکی زلی سوور دەرپەڕیبوو. ڕێوییەک بەو ناوەدا تێپەڕی سەیری کرد وا ئەم لاشە گۆشتە سوورە جوانە لەو دەشتەدا بە بێ خاوەن کەوتووە. سووریی کۆگا گۆشت، حەشترەکەی نەهێنایە بەر چاوی! چوو پەلاماری دا و چەمۆڵەی بۆ درێژ کرد. هەر کە چەمۆڵەی گەیشت بە قنگی حوشتر، حوشتر ڕاچەنی و ڕاست بووەوە. دەستی ڕێوی ترنجاندە ناو قنگی حوشتر و خۆیشی بە دوای حوشترەکەدا شۆڕ بووەوە و [حوشتر] دەستی کرد بە ڕۆیشتن!

لەو کاتەدا چەقەڵێک بە لایانا تێئەپەڕێ سەیری ڕێوییەکەی کرد ئەم دیمەنەی بە لاوە سەیر بوو وتی: ها! مام ڕێوی خێرە، ئەمە چییە؟ بۆ چ وات لێ هاتووە؟ وتی: قوربان خزمەتکاری ئەم نەجیمەین و لە پشتیەوە ئەڕۆین. وتی: جا ئێستە چاوەڕێی چیت؟ وتی: هیچ؛ چاوەڕێی تڕێکی ئەم خاس خوایەین!