لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردانەیە ئەڵێ جار...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  721 بینین

لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردانەیە ئەڵێ:

جارێک مشکەکان کۆ بوونەوە و وتیان: ئەمە چ حاڵێکە ئێمە هەمانە بە دەست پشیلەوە؟ ئەگەر ئێمە هەزارێک بین هەر لەگەڵ پشیلەیەکمان لێ پەیدا بوو بەو لا و بەم لادا لاڵ و پاڵ لێمان ئەخا و هیچمان لەگەڵی پێ ناکرێ با ئیشێکی وا بکەین بەڵکوو تۆزێ لە خەمی ڕزگار ببین. لەو ڕووەوە هەر یەکەیان قسەیەکی ئەکرد و هەر کەسەیان ڕاوێژێ، لە ئەنجاما هاتنە سەر ئەوە وتیان: بێنین زەنگێک بکەینە مل پشیلە. هەر کە جووڵایەوە و ویستی بێت بەلامانا زەنگەکە دەنگی دێت و ئەو وەختە هەر یەکە بە لایەکا ڕائەکەین. هەموو ئەو قسەیان پەسەند کرد و وتیان قسەی چاکە و لەسەر ئەمە بڕیاریان دا و وتیان: ئیتر لە بەڵای بێوەی ئەبین. لەسەر ئەمە مانەوە تەنها مایەوە سەر ئەوە کە کێ بچێت ئەم زەنگە بکاتە ملی پشیلە. کە گەیشتە ئێرە، هەموو ئاش بەتاڵیان لێ کرد و بڵاو بوونەوە.