لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردانەیە ئەڵێ بین...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  935 بینین

لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردانەیە ئەڵێ:

بینایی چاوان، ئینسان و سەگ و کەر و مەیموونی کۆ کردەوە وتی: عومرتان ئەدەمێ یەکی چەندتان ئەوێ؟ وتیان: بینایی چاوان کەیفی خۆتە چەندمان ئەدەیتێ بە زیاد بێ. ڕووی کردە ئێنسان فەرمووی: سی ساڵ باشە؟ عەرزی کرد: کەیفی خۆتە بە زیاد بێ. ڕووی کردە سەگ وتی: بۆ تۆیش سی ساڵ بەسە؟ سەگ عەرزی کرد: بینایی چاوان! سی ساڵ بۆ من زۆرە لە تواناما نییە سی ساڵ پاس حەپە حەپ بکەم؛ دە ساڵم بەسە. بینایی چاوان ڕووی کردە ئەوانی تر فەرمووی: کێ بیست ساڵەکەی تر هەڵئەگرێ؟ ئینسان دەستی دا بە سنگیا و وتی: من.

ئەمجا ڕووی کردە کەر و فەرمووی: تۆش سی ساڵت بەسە؟ عەرزی کرد: بینایی چاوان! من لە کوێ توانای ئەمەم هەیە سی ساڵ پشتم لەژێر بارا بێت؟ منیش دە ساڵم بەسە. ڕووی کردە ئەوانی تر فەرمووی: کێتان بیست ساڵەکەیتان ئەوێ؟ هەر گورج ئینسان هاتە زمان وتی: بینایی چاوان! خۆم. پاش ئەوە ڕووی کردە مەیموون و فەرمووی: ئەی تۆ سی ساڵت بەسە؟ عەرزی کرد بینایی چاوان! سەر و فەساڵێکی زۆر جوانت نەداومەتێ تا دڵم بە خۆم خۆش بێ، هەر کەس چاوی پێم ئەکەوێ پێم پێئەکەنێ؛ کە واتە هەر دە ساڵ ئەتوانم ببم بە ڕشخەنگای مەردم. بە زیاد بێ لەوە زیاترم ناوێ.

ئەمجا بەبێ ئەوە لە ئادەمیزاد بپرسێ یا نەپرسێ هەر خێرا ئینسان هاتە قسە و عەرزی کرد: بینایی چاوان! بیست ساڵە زیادەکەی ئەویش هەر بدە بە من. بینایی چاوان ئەو بیسە ساڵەی مەیموونیشی دایە. ئەوا بەم جۆرە ئادەمیزاد نەوەد ساڵی عومری پەیدا کرد بەڵام چۆن نەوەد ساڵێک؟

نەوەد ساڵێک وا کە سی ساڵی هی خۆی بووە و لەو سی ساڵەدا وەکوو نووستوو وایە. لە سییەوە تا پەنجا ئەو بیست ساڵەی هەر خەریکی هەڵپە کردنە و بەم لا و بەولادا پەلامار ئەدا بۆ شت پەیدا کردن و بۆ پاس کردن. لە پەنجاوە تا حەفتا ئەو بیست ساڵەشی وای لێ دێ ئەبێ بە ژێر باری ماڵ و منداڵ و ئەرکی بەڕێوە بردنی ئەوانەوە. لە حەفتاوە تا نەوەد ئەو بیست ساڵەش کە هی مەیموونەکەیە و وەریگرتووە؛ لە بەر ئەوە کە لاش و لاری تێک ئەچێ و دەم و چاوی چرچ و لۆچی تێ ئەکەوێ و پشتی کۆم ئەبێتەوە و هیچی بە سەر نامێنێ. وەکوو مەیموونەکە ئەبێ بە ڕشخەنگای خەڵک. جا برام تۆ تەماشای خۆت بکە بزانە ئێستە کام یەک لەو گێجانەت وەرگرتووە؟