کابرایەکی مامشی هەبوو مام وسووی ناو بوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  750 بینین

کابرایەکی مامشی هەبوو مام وسووی ناو بوو. کیژێکی زۆر جوانی هەبوو هەر کەس ئەهات نەی ئەدایە، ئەیوت من ئەم کیژەم نە بە ژنی ئەدەم نە بە ماڵی دنیای ئەدەم. پرسیارێکم هەیە. هەر کەس وڵامم بداتەوە ئەیدەم بەو کەسە. پرسیارەکەش ئەوە بوو ئەیوت: ئاو کاتێ کە ئەیکەنە مەنجەڵ و ئەیخەنە سەر ئاگر دەست ئەکا بە قوڵتە قوڵت و کزەکز، ئەڵێ چی؟

هەرکەس ئەهات داوای کچەکەی ئەکرد ئەم پرسیارەی لێ ئەکرد ئەویش نەیئەزانی وەڵام بداتەوە بۆ خۆی ئەچووە دواوە.

هەر لەو دەورە لە گوندی «سیساوێ» پیاوێکی تر هەبوو مام هۆمەری ناو بوو، کوڕێکی هەبوو «پیرۆت»ی ناو بوو. پیرۆت زۆر لاو چاک بوو دڵی لە کچی مام سوو سەندبوو ئەویش دڵی بە کچەوە بوو. بەڵام نەیئەتوانی بچێ داوای بکا، چونکە وەڵامی پرسیارەکەی نە ئەزانی. ڕۆژێک چووە بن دەست کچەکەوە پێی وت: ئەگەر تۆ منت ئەوێ، بەڵکوو ئیشێکی وا بکەی ئەو وڵامە بە باوکت دەرخەی و بە من بڵێیت. کچەکە وتی: باشە. کچە دەستی کرد بە خزمەت کردنی باوکی. خزمەتێکی وا کە بە جارێ دڵی باوکی سەند و باوکی هەموو جار دۆعای خێری بۆ ئەکرد. ڕۆژێک کچەکە وتی: بابە ئەگەر منت خۆش ئەوێ ئەو وڵامە چییە وا هەر کەس دێت داوای من ئەکا و تۆ پرسیارێکی لێ ئەکەی و ئەو نایزانێ وڵام بداتەوە. باوکە وتی: کچم لەوە گەڕێ، داوای هەر شتێکی تر ئەکەی بکە داوای ئەوە مەکە. کچە ماوەیەک لێ گەڕا و دیسان هەمان داوای لێ کردەوە تا لە ئەنجاما پێی دەرخست وتی: کچم ئەوە ئەو ئاوە ئەڵێ هەرشتێ کە کردم خۆم بە خۆمم کرد؛ ئەگەر من نەچوومایە ئاوی ئەو خەڵفە دارانەم نەدایە وا بەو جۆرە گەورە نەئەبوون و پاشان نەئەهاتن ببن بە ئاگر و کسپە لە جەرگمەوە بینن!

کچە چوو ئەم وڵامەی بە پیرۆتی دەزگیرانی وت. لە پاش ماوەیەک پیرۆت بە باوکی وت: کە بچێت داوای کیژەی لە مام وسوو بۆ بکا. باوکی وتی: جا ڕۆڵە مام وسوو دیارە کیژە بە کێ ئەدا؛ بەو کەسەی ئەدا کە وڵامی پرسیاری بداتەوە. وتی: تۆ بچۆ ئەگەر ئەو مەرجەی گرت بڵێ کوڕەکەم وڵامت ئەداتەوە.

بە ناچاری مام هۆمەر چوە لای مام وسوو وتی: ئەبێ پیرۆتی کوڕم بکەی بە کوڕی خۆت. مام وسوویش وتی: مام هۆمەر تۆ خۆت ئەزانی من تەمای دنیام نییە، کچ بەو کەسە ئەدەم کە وڵامی پرسیارەکەم بداتەوە. مام هۆمەر وتی: پیرۆت دێت پرسیاری خۆتی لێ بکە، ئەگەر وڵامی دایتەوە کیژەکەی بدەرێ ئەگەر نەیدایتەوە هیچ. مام وسوو وتی: باشە.

مام هۆمەر پیرۆتی کوڕی نارد. مام وسوو وتی: ڕۆڵە تۆ کیژی منت ئەوێ ئەبێ وڵامی پرسیارم بدەیتەوە، پیرۆتیش وتی: مام وسوو پرسیار بکە. مام وسوو وتی: ڕۆڵە ئاو کاتێ کە ئەیکەنە مەنجەڵ و ئەیخەنە سەر ئاگر دەست ئەکا بە قوڵتەقوڵت و کزەکز، ئەوە ئەڵێ چی؟ پیرۆت وتی: مامە ئەوە ئەڵێ هەر شتێ کە کردم خۆم بە خۆمم کرد؛ ئەگەر من نەچوومایە ئاوی ئەو خەڵفە دارانەم نەدایە وا بەو جۆرە گەورە نەئەبوون و پاشان نەئەهاتن ببن بە ئاگر و کسپە لە جەرگمەوە بینن!

مام وسوو کە ئەمەی گوێ لێ بوو وتی: هەر شتێ کە کردم خۆم بە خۆمم کرد ئەگەر من بە کیژەکەم نەوتایە و ئەو بە تۆی نەوتایە وا ئێستە کیژەم لە دەست نەئەبووەوە. ناردی مەلایان هێنا و کچەکەیان لە پیرۆت مارە کرد.