ئەڵێ کابرایەک لەو بەر کێوە چەند مریشکێک ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  702 بینین

ئەڵێ کابرایەک لەو بەر کێوە چەند مریشکێک ئەخاتە سەبەتەیەکەوە ئەیبا بۆ شار بیفرۆشێ؛ ئەیخاتە سەر گوێدرێژێک و بەڕێ ئەکەوێ. ئەگاتە پێچەکانی «تەلان»، سەیر ئەکا وا ڕێوییەکی تۆپییو ڕاست لە چەقی ڕێگەکەدا کەوتووە. نووکە شەقێکی لێ ئەدا و گوێ ناداتێ ئەڕوا؛ مەگەر ئەم ڕێوییە نە تۆپیوە، بە فێڵ وای لە خۆی کردووە!

کابرا زۆر ناڕوا ئەگاتە پێچێکی تر تا ئەگاتە ئەوێ ڕێوی بە قەڵەمبازێک لە کلکەی لووتکەوە خۆی ئەگەیەنێتە بەردەمی، لەوێشا خۆی ئەکا بە تۆپیوو. کابرا کە سەیری ئەمەش ئەکا پەشیمان ئەبێتەوە بۆ ئەوەی کە بۆ چی هەڵی نەگرتووە لەگەڵ ئەمەدا ئەبێ بە دوو ڕێوی ئەیبا لە شار پێستەکەیان ئەفرۆشێ پارەیەکی چاک ئەکا.

وڵاغ و مریشکەکان لەوێ بە جێ دێڵێ و ئەگەڕێتەوە بۆ ڕێویەکەی تر. هەر کە ئەو پشت هەڵئەکا ڕێوی ڕاست ئەبێتەوە ئەنیشێتە ناو مریشکەکان قیژ و هۆڕ ملی چەند مریشکێک ئەشکێنێ و ئەیبا.

کابرا کە ئەچێتە سەر وەخت ڕێوییەکەی ترەوە سەیر ئەکا نەماوە. ئەگەڕێتەوە دواوە، تەماشا ئەکا ئەم ڕێویەکەی تریش نەماوە؟

دەست لە گونان بەرەوژێر تر ئەچێ بە لای مریشکەکانیەوە تەماشا ئەکا مریشکەکانیش چەند دانەیەکیان نەماوە. ئەمجا تێ ئەگا کە ئەم ڕێوییە قوماربازە فێڵی لێ کردووە.