ئەڵێ لەو وڵاتە لە بێشەیەکا شێرێکی لێ بوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  904 بینین

ئەڵێ لەو وڵاتە لە بێشەیەکا شێرێکی لێ بوو هەموو گیانلەبەر و دڕندەکانی لێی ئەترسان بە تایبەتی دەستەی «چەقەڵ» زراویان لێ چوو بوو. ڕۆژێ ئەم چەقەڵانە کۆ بوونەوە کە بەڵکوو چارێک بۆ خۆیان بدۆزنەوە و لە دەست ئەم شێرە ڕزگاریان ببێ. چەقەڵێکی زۆر پیری کۆنە ساڵ هەبوو وتی: چاری ئاسانە ئەگەر ئێوە بتوانن ئەوی من ئەیڵێم بیکەن. وتیان: فەرموو هەر شتێک بڵێیت ئەیکەین. وتی: من ئەمە چەند ساڵە تووکی کلکم هەر هەڵوەریوە و لە کونەکەما ماوەتەوە. پەنا بەرنە بەر «گۆرەویلە» ئەو تووکەتان بڕێسێ بیهێننەوە من لە سەر ڕێگەی شێرەکەدا ئەیکەم بە داو و بۆی ئەنێمەوە، پێوە ئەبێ و ئەو وەختە هەموومان ڕزگارمان ئەبێ لە دەستی.

ئەمجا وەکوو ئەو وتی وایان کرد و بە بەن و گوریس و ئەویش چوو لە ڕێگەی شێرەکەدا داوێکی نایەوە. شێرەکە بە نەڕە نەڕ و گرمەگرم بەوێدا تێپەڕی وهەردوو دەستی لە ناکاو بوو بە داوەکەوە. نەختێ هێزی دایە خۆی و ویستی گوڕ ببەستیتەوە بۆ پچڕێنی، کە چی هەر دوو قاچیشی پێوە بوو. ئیتر بە جارێ پرزەی لێ بڕا و ڕۆژ بە ڕۆژ هەتا ئەهات لاوازتر و بێ هێزتر ئەبوو گیانێکی تیامابوو یا نەمابوو.

ڕۆژێک مشکێک بەوێدا تێپەڕی سەیری شێوەی کرد. بەو جۆرە، سەری سوڕما و چوو بە لایەوە وتی: ها! شای گیانداران! خێرە وا بەم جۆرە لێرەدا کەوتووی؟ وتی: بڵێم چی ئەمەیە کە ئەمبینی. بەسەراومەتەوە و پەل و پۆم بڕاوە. مشکە وتی: ئاسانە ئەگەر بفەرمووی من هەر ئێستە ڕزگارت ئەکەم. شێرە وتی: جا چی لەوە چاکتر هەیە؟

مشک تێ کەوت، ئەوەندی کەفرە کوونی هەموو کەمەندی داوەکەی خێرا بە ددان قرتاند و مشکەکە کەسەیری کرد شێرەکە ملی ڕێگەیەکی گرتووە کە ئەو ڕێگەیە لە بێشەکە دەرئەچێ. کەوتە شوێنی و پێی وت: شای دڕندەکان! ئەوە بۆ کوێ ئۆغر ئەکەی؟ وتی: وەڵڵا لەم بێشەیە ئەچمە دەرەوە و ئەم شوێنە بە جێ دێڵم. وتی: ئاخر تۆ چۆن ئەم شوێنە بە جێ دێڵی؟ ئەم جێگایە نیشتمان و وڵاتی خۆت و باو باپیرانت بووە، ئێستە چۆن دڵت دێت بە جێی بێڵی؟ شێرە وتی: وازم لێ بێنە گوو ئەکەمە ئەو وڵات و نیشتمانەی کە چەقەڵ بمگرێت و مشک بەڕەڵام کا!