ئەڵێ جارێک گورگ وتی تۆبە ئەکەم و ئیتر بە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  756 بینین

ئەڵێ جارێک گورگ وتی تۆبە ئەکەم و ئیتر بەسە ئەم دڕندەیی و ئازار گەیاندنە بە خەڵک، با ڕێگەی حەج بگرمە بەر و پاش حەجەکە لە گۆشەیەک بۆ خۆم دانیشم، خەریکی خوا پەرەستی بم تا خوا ئەم ئەمانەتەم لێ وەر ئەگرێتەوە!

لێی دا وردە وردە بە ڕێ کەوت و ڕۆیشت. برسییەتی ڕۆژ بە ڕۆژ بێ هێزتری ئەکا. وای لێ هات لاکەی ئەهات لە برسانا. ڕۆژێک لە دوورەوە ئێسترە گەڕێکی بەرچاو کەوت کە بەرەڵڵا کرابوو. وتی: خوا لە وەختی تەنگ و چەڵمەدا حەرامی حەڵاڵ کردووە، من ئەوەتا لە برسانا ئەمرم، با تۆبەشم کردبێ و بۆ حەجەیش بچم، بۆم حەڵاڵە، بچم ئەم ئێسترە بخۆم، چونکە ئەگەر نەیخۆم ئەمرم و پەکی عیبادەت و خواناسییەکەم ئەکەوێ.

چوو بە لای ئێسترە کەوتووەکەوە و خۆی لێ خۆش کرد. ئێستر پێی وت: مام گورگ ئەوە ئۆغر بێ وا لەم دەشتەدا وردە وردە ئەڕۆیت و هاتوویت بە لای منەوە؟ وتی: وەڵڵا ئۆغرت خێر بێ، ئەمەوێ بچم بۆ حەج، بەڵام زۆرم برسی بوو بە شەرع بۆم حەڵاڵە تۆ بخۆم و هاتووم بتخۆم و پاشان بڕۆم.

ئێستر وتی: یا خوا بەخێر بێیت و خوا حەجت قەبووڵ بکا! بە ڕاستی منیش لەم ژیانە وەڕەز بووم، ئەمەوێ ڕزگار ببم. بەڵام مام گورگ خۆت ئەزانی گەلێ حەدیس و ئایەت لە سەر ئەوە هەیە کە ئەگەر گیاندارێک سەر بڕڕا بە جۆرێک سەری ببڕن کە زوو گیانی دەرچێ، ئێستە منیش وەختی خۆی کە ناڵ کراوم بزمارێک لە وەختی ناڵەکەدا چووە بە گۆشتەکەدا زۆر ئازارم ئەدا، تۆ لەو لاوە بمخۆی و لەم لاشەوە ئەو ئازارەم هەبێ ئەمە پێچەوانەی ئەو خواناسییەیە کە تۆ گرتووتە بەر. ئەگەر بە زەحمەتی نەزانی لە پێشا ئەو بزمارە دەرێنی و پاشان بە شێنەیی بمخۆی زۆر خێرت ئەگا.

مام گورگ وتی: ڕاست ئەکەی کامەتا تا بۆت دەرێنم. ئێستر قاچی بەرز کردەوە پیشانی دا، مام گورگ بە وەستایی لمۆزی بۆ درێژ کرد دەری بێنێ، لەو کاتەدا ئێسترەکە لەقەیەکی ماڵی بە دەم و لمۆزی گورگەکەدا هەموو دیانەکانی کەوتنە خوارەوە و لەوێ بە بێهۆشی و ئێستریش لێی دا ڕۆیشت! پاشان کە هاتەوە هۆش خۆی و سەیری حاڵ و باڵی خۆی کرد، ڕووی کردە خۆی بە خۆی وت: ئاخر خوا بتگرێ گورگ. تۆ باوکت ناڵبەند بوو! باپیرت ناڵبەند بوو! تۆ چی و ناڵبەندی چی! دە بیخۆ ئەوە دەردت بێ!