ئەڵێ بە مشکیان وت تۆ جانەوەرێکیت هاوتات...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  754 بینین

ئەڵێ بە مشکیان وت: تۆ جانەوەرێکیت هاوتات نییە لە ئازاییدا؛ جەواڵ ئەدڕی، دار کون ئەکەی، زەوی هەڵئەدڕی. ئەمانە هەموو بۆ تۆزێ ڕزقی قوزەڵقورت کە بەردەستت کەوێ. ئێستە ئەمانە هیچی مەکە، ئا ئەو پشیلەیە - کە چاوت لێیە - دوو بست لێتەوە دوور نییە، بچۆ موویەک لە سمێڵی بکەرەوە، ئەمە حەو بار گەنمە لە بری بۆ خۆت وەری بگرە و تا ماویت پێوەی ئەژیت و ئیتر بۆ کوێرەوەری ژیان تووشی هیچ دەردیسەرێکی تر نابیت. مشکەکە تۆزێ ڕاما و پاشان سەری بەرز کردەوە وتی: بە ڕاستی کرێیەکە کرێی چاکە، بەڵام ڕێگەکەی زۆر بڤەیە!