دیسان هەر لە قسەی کودانەیە ئەڵێ سەرەتا ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  686 بینین

دیسان هەر لە قسەی کودانەیە ئەڵێ:

سەرەتا «چەقەڵ» لە ئاوەدانیدا بوو، سەگ لە چۆڵ و بیابانا. سەگەکان یەکێکیان لێ نەخۆش کەوت. هەرچەند خەریک بوون چاک نەبووەوە ئاخری قسەیان هاتە سەر ئەوە بچن پەنا بەرنە بەر چەقەڵەکان بەڵکوو ئەوان بێنە دەرەوە و ئەمان بچنە ئاوەدانی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بۆ ئەوە ئەم سەگەیان نەختێ ئێسقان و وردەنانی دەست کەوێ بیخوا و چاک بێتەوە و پاشان هەر کامیان بچنە شوێنی خۆیان. لەسەر ئەم بڕیارە کۆمەڵیان کرد و بە گەل چوونە خزمەت چەقەڵەکان وتیان: وەرن پیاوەتییەکی وامان لەگەڵ بکەن بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ڕێگەمان بدەن بێینە ئاوەدانیەوە ئێوەش وەرنە دەرەوە بەڵکوو ئەم نەخۆشە هەژارەمان بە هۆی داو و دەرمانی ئاوەدانییەوە تۆزێ چاک ببێتەوە؛ پاشان دەرئەچین و ئێوەش ئەچنەوە شوێنی خۆتان. بەم ئیشەتان خێرێکی گەورە ئەکەن، نەفەسێک لە مردن ڕزگار ئەکەن! چەقەڵەکان ڕازی بوون و چوونە دەرەوە و ئەوانیش هاتنە ئاوەدانییەوە. ماوەیەکی زۆری پێچوو سەگەکان کە غەز و بەزی ئاوەدانییان چاوپێکەوت، دەرنەچوونەوە. چەقەڵەکان هاتن وتیان: ئەوە بۆ چ دەرناچن و ئێمە بێینەوە شوێنەکەی خۆمان؟ ئەمانیش وتیان هێشتا نەخۆشەکەکەمان چاک نەبوەتەوە. لەمان قسە و لەوان قسە، ئیتر لەو وەختەوە هەموو شەوێک چەقەڵەکان دێنە ڕۆخی ئاوەدانی دەست ئەکەن بە لوورە لوور و ئەڵێن: نەخۆشەکەتان چاک نەبوەتەوە؟ سەگەکانیش دەست ئەکەن بە حەپە حەپ ئەڵێن: حەو ڕۆژیی تر، حەو ڕۆژی تر!