لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردانەیە ئەڵێ سەگ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  733 بینین

لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردانەیە ئەڵێ: سەگ کە ئەکەوێتە زستان لەو کوێستانە زۆری سەرما ئەبێ، بەفر و کڕێوە وای لێ ئەکا هێزی ئەچنێ و شوێنێکی دەست ناکەوێ تیایا ستار بگرێ، ئەچێتە هەر لایەک بەفر و باران و سەرمایە، لە ئاخرا لە پاڵ دیوارێکا شوێنێکی پیس ئەدۆزێتەوە کە ئەویشی پێ بێ، ڕازی نابێ، لێی ئەکەوێ کلکی دێنێتەوە بە دەور لمۆزیا و سەر ئەکا بە ناو گەڵی خۆیا. لە لایەکەوە باران ئەیکوتێ، لە لایەکەوە کڕێوە ئەدا بە بەینی توکەکانیا و ئەیشەکێنێتەوە. بە کورتی ئەو حاڵەی ئەو هەیەتی مەگەر هەر ئەو بیبێ! لەوێ کە لێی کەوتووە خەیاڵ ئەیباتەوە و دەست ئەکا بە بێزوو کردن ئەڵێ: ئەمە حاڵە من هەمە؟ شەرت بێ ئەگەر کەوتمە هاوین هەرچی لەتک و پەتکی دنیایە کۆی کەمەوە بۆ زستان و لەم فەلاکەتە ڕزگارم ببێ. زستان بەسەر ئەچێ و ئەکەوێتە هاوین، وردەوردە گەرما دێت و ئەبووژێتەوە. نا، ئەکەوێتە چلەی هاوین و گەرما زۆری بۆ دێنێ. ئەمجارە ئەسووڕێتەوە بە شوێن چڵکاو و جۆگەڵاوی پیس و بۆگەنا بۆ ئەوەی خۆی تیایا بگەوزێنێ و فێنکی ببێتەوە، سەیر ئەکا ئەوەشی دەست ناکەوێ. بە پاڵ دیوارەکانا ئەڕوا. یا لێی ئەکەوێ بستێ زمانی دەرئەکێشێ و پەیتا پەیتا ئەیخاتەوە دەمی و دەری ئەکێشێتەوە. جا لەو وەختەدا کە ئەو زمانبازییە ئەکا ئەڵێ: کورە لەتکی چی و پەتکی چی، لەتکی چی و پەتکی چی؟