لە زەمانی تورکا قەشەیەک لە دیاربەکر هەبوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  932 بینین

لە زەمانی تورکا قەشەیەک لە دیاربەکر هەبوو. شەوێک لە نیوەشەوا یوزباشییەک لەوێ بوو شەشەی ناو بوو، ئەچێ تەق تەق ئەدا لە دەروازەی کڵێسە. قەشە بە لەرز دێت دەرگا ئەکاتەوە، سەیر ئەکا ئەمە یوزباشییە، ئەوەندەی تر لەشی دێتە لەرزین. ئەڵێ: فەرموو وەرە ژوورەوە بزانم ئەمرت چییە؟ یوزباشی بە ڕوویەکی خۆشەوە ئەچێتە ژوورەوە و لە ژوورە بچکۆلەکەی قەشەدا دا ئەنیشێ. بەڵام قەشە دڵی لە ڕیشە سپییە جوانەکەی زیاتر ئەکەوێتە تەپەتەب و جووڵانەوە!

یوزباشی ئەڵێ: هیچ دڵ لە دڵ مەدە، تۆ پیاوێکی ناوبانگی چاکەت لەم شارەدا بڵاو بووەتەوە. هەر بەو ناوبانگەتەوە من مەفتوونی خواناسی و پیاوخاسی تۆ بووم. کارەساتێک ڕووی دا و من هەر چەندە سەر دێنم و ئەبەم تۆ نەبی ئەو شوێنە پڕ کەیتەوە کەسی تر شایان و لایەق نییە، ئێستە هاتووم ئەو خەبەرەت بدەمێ و نابێ دەستیش بنێی بە ڕوومەوە؛ چونکە لێرەدا کار و باری گشتی وڵاتەکە وا پێویست ئەکا. قەشەی بەسەزمان ئەوەندەی تر ناوکی ئەکەوێ و ئەڵێ: فەرموو چی بێ بە من بکرێ و من درێغی بکەم، فەرموو بڵێ. یوزباشی ئەڵێ: دوێنێ قازی ئەم شارە عەمری خوای کرد، ئێستە من لە تۆ چاکتر نابینم، والی دۆستمە ئەچمە لای فەرمانت لە ئەستەموڵەوە بۆ وەرگرێت بۆ ئەوەی ببی بە قازی ئەم شارە! قەشە واقی وڕ ئەمێنێ، ئەڵێ: جەنابی یوزباشی من و قازێتی موسوڵمانان کوجا مەرحەبا؟ من لە کوێ و قازی لە کوێ؟ یوزباشی ئەڵێ: ئەم قسانە ناچێ بە گوێما، ئەمە سوودی وڵاتەکەی تێدایە، ئەگەر نەیکەیت خەبەر ئەدەم بە والی و بە ئەستەموڵ کە تۆ لەم کڵێسەیەدا شەو و ڕۆژ خەڵک کۆ ئەکەیتەوە و بۆ زیانی خەلیفە ئیش ئەکەیت. قەشە دەستێکی ئەکەوێتە ئەم لا و دەستێکی ئەکەوێتە ئەو لا نازانێ چی بکا و چی بڵێ؟ لە ئەنجاما چار ناچار ڕازی ئەبێ!

یوزباشی هەڵئەستێ لێی ئەدا ئەڕواتەوە. لە پاش دوو ڕۆژ جوبە و مێزەرێک ئەخاتە ناو سینییەک و تۆمارێکی ئەخاتە پاڵ، قەیفەیەکی سەوز ئەدەن بە سەریا و ئەیخەنە سەر سەری زەلامێک، بە شوێن ئەودا دەستەیەک تەپڵ و دەف لێ ئەدن و زیکر ئەکەن. لە شوێن ئەوانەوە دەستەیەکی مووزیقاچی بە خۆیان و مووزیقاکانیانەوە بە ڕێ ئەکەون و یوزباشیشیان لەگەڵایە. ئەم کۆمەڵە بەم جۆرە دێن بۆ بەردەرکی کڵێسە و عالەمی تریش ئەکەونە شوێنیان.

قەشە دەرگایان بۆ ئەکاتەوە. یوزباشی لە پێشەوە ئەچێتە ژوورەوە. قەشە سەیری سینی و دەف و عالەم ئەکا سەری سوڕ ئەمێنێ. ئەڵێ: ئەمانە چین؟ یوزباشی ئەڵێ: ئە سینییە جوبە و مێزەرەکەی تێدایە لەگەڵ فەرمانی خەلیفەدا کە تۆ بوویت بە قازی ئەم شارە. ئەڵێ ئەم تەپڵ و دەفە چییە؟ ئەڵێ: لە پیرۆزە ئەوە کە تۆ جوبە و مێزەرەی قەزاوەت لەبەر ئەکەی ئەمانە تەپڵ و دەف ئەکوتن و زیکر ئەکەن کە خوا قەزاوەتت لێ موبارەک کا!

ئەڵێ: ئەی ئەو مووزیقا بەزمە چییە پیاوێک بە نەشتەرێکەوە لە ناوەڕاستیانا وەستاوە؟ ئەڵێ: ئەوەش دەستەی خەتەنە سوورانن، ئاخر تۆ کە ئەبی بە قازی موسوڵمانان ئەبێ خەتەنە بکرێیت ئەوە دەلاکە، ئەو خەتەنەت ئەکا و مووزیقاش لێ ئەدرێ بۆ شاییەکە و بۆ سەلامەتی سەری خەلیفە کە تۆ خەتەنە کرایت و بوویت بە قازی وڵات و فەرمانت بۆ دەرچوو.

قەشە هەروا ئەچێتە تاسەوە و ئەڵێ: جەنابی یوزباشی هەمووی قبوڵ ئەکرێ بەڵام خەتەنە کردنەکە من تازە لەم عومرەدا پێم قبوڵ ناکرێ. ئێستە بۆم دەرکەوت کە مەسەلە چییە؟ هەمووی پێنج سەد لیرە شک ئەبەم ئەیدەمە خزمەتت و جەنابیشت ئیتر ئەمری خۆتە؟ یوزباشیش ئەڵێ: ئاخر فەرمانی شاهانە، دەرکراوە چۆن ئەبێ؟ قەشە ئەڵێ: قوربان با فەرمان بۆ قەشە نەبێ بۆ شەشە بێ جەناب خەتەنەش کراوی هیچ ئەرکێکی تێدا نییە. یوزباشی ئەڵێ: باشە لەبەر خاتری تۆ، بۆ ئەوەی تۆ تووشی عەزیەت نەبی خۆم ئەیکەم، بڵێم چی! پێنج سەد لیرە هەڵئەگرێ و بە خۆی و بە دەستەکەیەوە ئەگەڕێنەوە. تومەز ئەمە یوزباشی پارەی پێویست بوو ئەم کڵاوەی بۆ قەشە دروست کرد!