ساڵێک لەو سەردەمەدا کە جۆش و خرۆشێکی کۆڕ...
لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
1 خولەک
889 بینین
ساڵێک لەو سەردەمەدا کە جۆش و خرۆشێکی کۆڕی ڕابواردن و دڵخۆشی و ئاهەنگ هەبوو لە ناو مەلاکانی هەڵەبجەدا و هەموو بە یەکدڵی ڕایان ئەبوارد، ئەیانویست بچن بۆ هانەسوورە بۆ زیارەتی سەید عەبدولڕەحمان. ڕۆژیش ڕۆژی پێنج شەنبە ئەبێ، دیارە شەو و ڕۆژی جمعە لە هانەسوورە ئەمێننەوە. شێخ مستەفای موفتی هەڵەبجە ئەڵێ: بەخوا برا من لەبەر خوتبەکەی سبەینێ ناتوانم بێم. شێخ عەبدولکەریمی ئەحمەد بڕنە ئەڵێ: بێ قەزا بی شێخ مستەفا! خۆ خوتبەی جومعە بزنی جوولەکە نییە هەر ئەبێ مالووم سەری ببڕێ، با یەکێکی تر ئەم خوتبەیە بخوێنێ، هەستە پێشمان کەوە سەفەرەکەمان لێ تێک مەدە.