لەو سەرە ئافرەتێک هەبوو منداڵی نەئەبوو ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  848 بینین

لەو سەرە ئافرەتێک هەبوو منداڵی نەئەبوو هیچ شێخ و شەخس و مەلایەک نەما نەچێتە سەری، کەڵکی نەبوو. ڕۆژێک دەروێشێکی کەڵهوڕ بە پرچێکی درێژ و باوەشێ پشتێنی سەوز لە پشتا و «جامع الدعوات»ێک لە بن دەستا ئەچێتە ئەو دێیە بۆ دەروێشی و نووشتە کردنیش بە دەمیەوە. ژنەکە چووە لای و دەردە دڵی خۆی بۆ کرد. ئەویش دەمی «جامع الدعوات»ەکەی بۆ کردەوە و تۆزێ سەری هێنا و برد، وتی: کتێبەکە شتێک ئەفەرمێ لە ڕووم هەڵنایە بیڵێم، ئەگینا بەبێ شک منداڵت ئەبێ. ئەویش وتی: قوربانت بم! بڵێ قەیدی نییە. وتی: کتێبەکە ئەفەڕمێ ئەبێ نووشتەیەک بنووسم و ئەو نووشتەیە بە ئاڵەتێکی تایبەتی - بیلامانی - لە شەرمتەوە بیکەم بەو دیوا. هەروەها لە سەرەکەشیەوە هەندێ شت هەیە ئەبێ بینووسم. ئافرەتەکە وتی: باشە بە قوربانت بم. کابرا دەستی پێ کرد، لەو کاتەدا خەریکی ئیش بوو ژنەکە وتی: قوربان مادام عەزێتەکەت کێشاوە با کوڕ بێت!