حاجی ئەمینی کاکە حەمە گێڕایەوە وتی زوو ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  690 بینین

حاجی ئەمینی کاکە حەمە گێڕایەوە وتی: زوو جولەکەیەک هەبوو «خواجە شەلەمۆ»ی ناو بوو، دراوسێ دووکان بووین. لە خانەکەی ئێمەدا ئەویش تاجر بوو بەڵام وەکوو منداڵی بەردەستمان وابوو هەر ئیشێکمان ئەبوو بەومان ئەکرد. بەتایبەتی من، هیچ لە قسەم دەر نەئەچوو. تجارەت لەگەڵ موسڵ و بەغدادا ئەکرا. کە خواجە شەلەمۆ ئەچوو بۆ یەکێک لەو شوێنانە دراوسێ دووکانەکان لێی کۆ ئەبوونەوە ئەو ئەیوت خواجە ئەو سەد لیرەیەم بۆ بدە بە فڵان کەس، ئەو ئەیوت ئەو پێنج مەجیدییەم بۆ بدە بە فڵان تاجر لە بەغدا. ئیجگار لەگەڵ منا زۆر ڕێک بوو، تەنانەت وەختی وا ئەبوو میوانێک ئەهات بۆ حوجرە و کەس بە دەستەوە نەبوو، پێم ئەوت خواجە شەلەمۆ توخوا بە زەحمەتی مەزانە بانگی چایەک بکە یا تۆزێ ئاو بێنە. ئەویش خوا هەقە هیچ درێغی نەئەکرد و هەر وەکوو منداڵی بەردەستم لە بەردەستما هەڵئەسووڕا. ئیتر بە درێژی عومرمان ئەمە حاڵمان بوو. ساڵێک بارخانەی بار کرد و چووین بۆ ڕووسیا؛ چووینە «وارەشەو». خواجە شەلەمۆیشمان هەر لەگەڵایە و ئەویش تاجرێکە وەکوو ئێمە و بگرە زیاتریش. ڕۆژێک لە وارشەو ئیحتیاجی ئاوم بوو، وتم: تۆ خوا خواجە شەلەمۆ بە زەحمەتی مەزانە مەسینەیەک ئاوم بۆ پڕکە ئەمەوێ دەستنوێژێ بشۆرمەوە. ئەوەندەم زانی خواجە شەلەمۆ هەردوو چاوی سوور بوو و وتی: وس، قسەی زیاد مەکە. چاوت بکەرەوە ئێرەش سلێمانی نییە هەر قسەی زیاد بکەی؛ ئێرە وارشەو و ڕووسیایە. پیاوی وام هەیە هەر کێری دوو ئەوەندەی ملی تۆ ئەستوورە! مەسینەم بۆ پڕکە، وا ئەزانێ ئێرەش سلێمانیە. وتی وەڵڵا کە ئەمەی وت ئیتر منیش هیچم پێ نەما.