مامۆستا مەلا کەریمی بیارە ساڵێک لە بیارە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  812 بینین

مامۆستا مەلا کەریمی بیارە ساڵێک لە بیارەوە بەڕێ ئەکەوێ بۆ ئەو دەوری تەکیەی لای خوڕماڵە لە شارەزوور، بۆ ناو خزمەکانی کە لە بەرەی قازییان بوون. لە ڕێگادا تووشی «قانع»ی شاعیر ئەبێ. ئەڵێ: قانع با بچین بۆ ناو ئەو خزمانە چەند ڕۆژێک لەوێ ڕائەبوێرن و ئەگەڕێنەوە. قانع ئەڵێ: باشە. ئەچن، لە ڕاستیدا خزمان دێن بە پیریانەوە و چەند ڕۆژێک لەوێ ئەبن. هەر ڕۆژە نیوەڕۆ لە ماڵێک و ئێوارە لە ماڵێک بانگێشتیان بۆ ئەکەن. قانع ئەڵێ: مامۆستا مەلا کەریم هاتی و نەهاتیم بە خۆم و خۆتا تاقی کردۆتەوە، تۆ هاتتە و من نەهاتمە. ئەڵێ: چۆن؟ ئەڵێ: تۆ دێیت بۆ تەکیە بۆ ناو خزمەکانت ئەوەتە هەموو دەوڵەمەندن. هێزە ڕۆن لە لایەک کەوتووە. سوێنە پەنیر کڵاشە ئەکا، مەڕ و ماڵات خوا نەیبڕێ هەر ڕۆژێ بە بانگێشتن لە لایەکەوە دایانبەستووین. منیش ئەچم بۆ ناو خزمەکانم لە «کەوڵۆس» هەر لە کلکەی ئاوایی دەرئەکەوم سەگەکان دێن بە پیریمەوە. ئەوەندە شتیان لەبەر لاتی خزمەکانم لە ئاوایی دەست ناکەوێ لە تاوا لەسەر کەوشە چەکەکانی پێم ئەبێ بە شەڕیان و یەکتری ئەخلۆپێننەوە. کاتێ کە ئەوان لەو گرمەی شەڕەدان من خۆم لە دەستیان دەرباز ئەکەم و خۆم ئەکەم بە ماڵی یەکێ لە خزمەکانما. جا ئەوان حاڵی سەگەکانیان ئەوە بێ. ئەبێ حاڵی خۆیان چۆن بێ؟ کەوابوو ڕاستە تۆ هاتتە و من نەهاتمە.