عێل سەرەوخوار بۆتەوە ڕووەو کوێستان هەر ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  720 بینین

عێل سەرەوخوار بۆتەوە ڕووەو کوێستان. هەر هۆزە شوێنی خۆی گرت. کابرایەکی گۆران لە دیواندەرە خانووی ئەکرد، دیرەکی خانووەکە تۆزێ دوور بوو لە ئاواییەوە. دۆستێکی لە عەشرەتەکە هەبوو خاڵە مارفیان پێ ئەوت. خاڵە مارف ڕۆژێک گایەکی دابووە بەر. کابرا وتی: خاڵە مارف بەڵکوو ئەو حەماڵەم بۆ بخەیتە پشت گا بۆر و بیبەینەوە بۆ ناوی دێ. ئەویش وتی: بە بانی چاوان. داریان خستە پشتی گا بۆر و بردیانەوە، کابرا هۆڕێک گەنمی داگرت و خاڵە مارف خستیە سەر پشتی گابۆر و گەڕایەوە بۆ هۆز.

ئەو ساڵە بەسەر چوو، کابرا خانووی دروست کرد و عێل دیسان کە گەڕایەوە بۆ کوێستان، خاڵە مارف سەرێکی لە کابرای گۆرانەی دۆستی دا. سەیری کرد خانووەکەی تەواو کردووە. وتی: ماشەڵڵا خانگی چاکە. ئافەرم گا بۆر بە خوا ئەو حەماڵەی خاس هەڵگرتبوو! کابرا بارێکی تر گەنمی بۆ دارگت و چووەوە. ساڵێکی تریش هەروەها بارە گەنمێکی تری بۆ داگرتەوە! ساڵی چوارەم دیسان هاتەوە و وتی: ماشەڵڵا خانگی چاکە، کابرا ئیتر لە وزەیا نەما، وتی: خاڵە مارف تکات لێ ئەکەم، ئەوا ئیسە هەڵئەستم خانووەکە هەڵئەوەشێنمەوە، حەماڵەکە بخەرەوە سەرپشتی گابۆر و بیبەرەوە بۆ ئەو شوێنەی کە هێناویە!