ساڵێک لەو سەرە کابرایەکی کوردی حەمەوەیسی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  719 بینین

ساڵێک لەو سەرە کابرایەکی کوردی حەمەوەیسی ناو ئەچێتە «بس» شەوێ میوانی ماڵێک ئەبێ، لە پاش ئەوە کە نووستن لە نیوەشەوا ئیشی سەرئاو تاوی ئەدا. هەڵئەستێ بچێتە دەرەوە. سەیر ئەکا گەماڵێکی بۆر لە بەر درگا کەوتووە و دەستی کردە مڕەمڕ نەیوێرا بڕوا، دەستی کرد بە خۆ هەڵگووشین، کەڵکی نەبوو، گوو تاویدا، منداڵێکی ماڵەکە بوو لەناو بێشکەدا، بە دزییەوە چوو دەسرازەی منداڵەکەی کردەوە و منداڵی بەرزکردەوە و پڕ گۆزەڵەی ژێر منداڵەکەی کرد لە گوو، منداڵەکەی خستەوە شوێنی خۆی و دەسرازەکەی پێچایەوە و هاتەوە سەر جێگاکەی خۆی نووست. بەیانی دایکی منداڵەکە کە منداڵی بەرز کردەوە نفوراتێکی چاو پێ کەوت، بانگی مێردەکەی کرد وتی: پیاوەکە ئەمە چییە؟ ئەمە گووی ئەم منداڵە نییە! نازانن مەسەلەش چییە. بە هەر جۆر بوو ژنە و پیاوەکە کەوتنە مقۆ مقۆ لە بەینی خۆیانا، کابرای میوان گوێی لێ بوو هەڵیدایە، وتی: برا ئەوەی پێ ناوێ، تا ئێوە خاوەنی ئەو گەماڵە بۆرە بن. منداڵەکەتان گووی لەوە پتەوتر ئەکا!