قانعی شاعیر وتی ساڵێک لە ناو جافا مەلا ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  817 بینین

قانعی شاعیر وتی ساڵێک لە ناو جافا مەلا بووم. وتیان: مامۆستا وەعزمان بۆ بێژە. وتم: برا بە کوردی یا عەرەبی؟ وتیان: برا وە کوردی، ئێمە چووزانین عەرەبی. وتی منیش کتێبم نایە بەر دەستم چاوم کز بوو عەینەکەکەم خستە بەر چاوم و گەرووم پاک کردەوە و وتم: دێڵە سەگی کوڕی باوکی کانییەکەی هەرات ئەفەرمێ. هەر ئەمەم وت، وتیان: مامۆستا ئەوە ئێژی چی؟ وتم: برا ئاخر ئێوە ئەڵێن بە کوردی، من لە باتی ئەوەی نووسراوە و ئەڵێ «معاویە ابنی ابی سفیان» من بە کوردی پێم وتن. وتیان: کورە کوچکت لێ وارێ خاس بێژە، دە بێژە. وتی وتم: ڕێوی کوڕی چۆلەکە ئەفەرمێ. هاتم ئەویتر تەواو کەم وتیان: مردگت مرێ ئەوە ئێژی چی؟ وتم: برا من سەرم سوڕماوە بە دەست ئێوەوە. ئێوە ئەڵێن بە کوردی، لە کتێبەکەدا نووسراوە «ثعلب ابن عصفورعەرەبی» من کردم بە کوردی. وتیان: هەڵسە، هەڵسە مەلا بڕۆ گاڵت وەپێچە. وەو شێخ کەریمە ئیتر پیا ناینی. وتی جوان و پوخت دەریان کردم.