قازییەک هەبوو لە هەڵەبجە ڕۆژێک ژنێک ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  578 بینین

قازییەک هەبوو لە هەڵەبجە. ڕۆژێک ژنێک ئەچێتە لای شکات لە مێردەکەی ئەکا. ژنەکە دوو چاوی زۆر جوانی پێوە بوو. سەرپۆشەکەی هێنا بوو بەسەر ڕوومەتیا هەر چاوەکانی بەدەرەوە بوون. مێردەکەشی لەگەڵ بوو.

قازی چاوی ژنە بە تەواوی کاری تێکردبوو. هەر قسەیەک ئەو ئەیوت ئەم ئەیوت ڕاستەکەی. هەرچیەکیش مێردەکەی ئەیوت، ئەیوت درۆ ئەکەی. مێردە هەستی کرد ئەمە ئیش لە کوێدایە، هەر دەستی برد سەرپۆشەکەی لە سەر ژنەکە لادا و ڕوومەتی دەرکەوت. قازی سەیری کرد ڕوومەتێکی زۆر ناشیرینی هەیە. دڵی پێکا هات وتی: هەستە بڕۆ ژنە، چاوی مەزڵوومانت هەیە و ڕووی زاڵمان! لە لای مێردی خۆت دانیشە، شەرع ئەفەرمێ ڕوومەت لە مێرد و لە قازی ناپۆشرێ.