عێل لە کوێستان بوو کوێرەدێییەک هەیە لەو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  663 بینین

عێل لە کوێستان بوو. کوێرەدێییەک هەیە لەو ناوە «دواوە»ی ناو بوو. جارێک مەحموو پاشا فەقێ شێتە ئەنێرێ بۆ دواوە. هەر چەند ساڵ زوو بوو، بەڵام لەبەر ئەوە ئەو وڵاتە کوێستانە هەر زوو باران و زستان دێت. لە ڕیگەدا ئەیکا بە باران و قوڕ و چڵپاو. لەو کاتەدا ژن و پیاوێک بێشکەیەکیان پێیە و لەو ناوەدا لەژێر ئەو بارانەدا ئەسووڕێنەوە. فەقێ شێتە ڕێگای لێ تێکچووبوو، ئەچێتە لای پیاو و ژنەکە ئەڵێ: ئەرێ توخوا برا ڕێگای دواو کامەیە؟ کابراش ئەڵێ: ئەرێ کابرا تۆ شێتیت؟ ئەگەر من ڕێگای دواوم بزانیایە لەژێر ئەم بارانە و لەناو ئەم چڵپاوە بە ژن و منداڵێکەوە بۆ گیرم ئەخوارد؟ فەقێ شێتە کە ئەمە ئەبێت جامانەکەی سەری ئەکاتەوە و ئەیکا بە دەسەسڕی دەستی و لە تەنیشتیانەوە دەست ئەکا بە هەڵپەڕکێ و بە چۆپی کێشان.