کابرایەک هەبوو خەڵکی ئەو هەجیجە زۆرابی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  644 بینین

کابرایەک هەبوو خەڵکی ئەو «هەجیج»ە زۆرابی ناو بوو، گەڕیدە بوو، کەوتبووە سابڵاخ. لەوێ وا دیار بوو لەوەڕی بە خۆش زانیبوو گیرسابۆوە. کەسی نەبوو هەر خۆی بوو. شێوەی ژیانیشی ئەوە بوو گوێی قووڵاخ ئەکرد بۆ ئەوە لە چ شوێنێک یا لە چ ماڵێک بانگێشتێک ببوایە ئەچوو بە بێ بانگ کردن خۆی پیا ئەکرد و دای ئەکوتا.

ڕۆژێک لە مزگەوتی سوور چەند کەسێک کۆ ئەبنەوە و بڕیار ئەدەن بچن بۆ سەیران. ئەمیش ئەچێ خۆی ئەکوتێتە ناویان. جەماعەتەکە هەر یەک شتێک ئەگرنە ئەستۆ. یەکێک ئەڵێ: نان لە سەر من، یەکێک ئەڵێ: گۆشت لە سەر من، هەریەکە شتێک ئەڵێن. نۆرە دێتە سەر خاڵۆ زۆراب پێی ئەڵێن: ئەی چی لەسەر تۆ؟ ئەڵێ: لەعنەتی خواش لەسەر من! دەست ئەکەن بە پێکەنین و وازی لێ دێنن.