پیرێژنێکی بێوەژن خەڵکی ئەو وڵاتی شیناوێ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  898 بینین

پیرێژنێکی بێوەژن خەڵکی ئەو وڵاتی «شیناوێ» و «گوڵاوی»یە کوڕ و کچێکی هەبوو، کچەکەی «ئامە»ی ناو بوو. کوڕەکەی «مامەند». کەوتبوونە ئەو وڵاتی موکریانە و لەوێدا گرسابوونەوە. هەرجار کە مامەند ئەچووە دەرەوە و ئەهاتەوە دایکی لێی ئەپرسی: کوڕم دەنگ و باس چییە؟ ئەویش ئەیوت: هیچ نییە. پیرێژن بە پرسیار کردن کوڕەی وەڕەس کردبوو.

ڕۆژێک کوڕە هاتەوە و دایکی وەکوو جاران لێی پرسی کوڕم دەنگ و باس چییە. لەو کاتەشا ژنە بە هەردوو دەست خەریکی هەویر شێلان بوو، نامەی کچیشی لەو لاوە دانیشتبوو، کوڕەش وتی: وەڵا دایە ئیمڕۆ عەزیز خانی سەردار فەرمانی دەرکردووە ژنی بێ مێرد نەمێنێتەوە، ئەبێ هەموو مێرد بکەن. بێجگە لەمەش ئەبێ ژنی پیر بدرێ بە کوڕی گەنج و ژنی جوانیش بدرێ بە پیاوی پیر! کە کوڕە ئەمەی لە دەم هاتە دەرەوە ئامەی خوشکی لەولاوە جرتێکی کەند و وتی: چۆن وا ئەبێ؟

ئەمجا دایکەی پیرێژن بە دەم هەویر شێلانەکەوە وتی:

جرت و مرتی پێ ناوێ
نامەی کچی گوڵاوێ
ئەتۆ دەکەی جرتانێ
ئە من دەکەم گەمانێ!
تۆ چاکتری دەزانی
یا سەرداری بۆکانی؟
ئەو قسەیەی ئەو کردی
ئەیگێڕێتەوە مامەندی
بە ئایەت بە قورعان
بە چاوەکەی عەزیز خان
بڕیاری وی دراوە
کەس نایگێڕێتەوە دواوە!