ساڵح کچانی (کچان دێیەکە لە سەنگاو)...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  732 بینین

«ساڵح کچانی» (کچان: دێیەکە لە سەنگاو) هەبوو لە کفری، باوکی ئەم حاجی شاسواری کچانی؛ بازرگان بوو. ڕۆژێک کابرایەکی جاف - کە ناسراوی ساڵح ئەبێ - ئەچێتە ئەوێ و ئەویش میوانی ئەکا و ئەیباتەوە ماڵەوە. کابرای جافی گایەکی پێ ئەبێ لە بەیانیا گاکە لە بازاڕ ئەفرۆشێ. ساڵەح ئەکا بە دەستەبەر کە ئەم گایە دزیەتی نییە. پارەی خۆی وەرئەگرێ ئەگەڕێتەوە و خێڵ ئەچێ بۆ کوێستان. لەم لاوە گا بە دزیەتی دەرئەچێ، جوان و پوخت لالۆ ساڵح ئەگرن و پارەی گاکەی لێ ئەستێننەوە! خێڵ لە کوێستان ئەگەڕێتەوە و کابرا هەمانەیەک «کەشک» هەڵئەگرێ و دێت بۆ کفری. هەمانە کەشک ئەفرۆشێت و بۆ ئێوارە دێتەوە بۆ لای لالۆ ساڵح، وەکوو نە بای دیبێ نە بۆران. لالۆ ساڵحیش هیچ نایخاتە ڕووی هەر وەکوو جاران قسەی خۆشی لەگەڵ ئەکا و ئەیباتەوە بۆ ماڵەوە.

دنیا پاییزە، لالۆ ساڵح ئەڵێ: کە نیسکێنەیەکی سوێری گۆرانانە لە ماڵەوە دروست بکەن. شەوێ دوو قەرەوانەی چاک نیسکێنە دا ئەنێین، کابرا هەتا لە لووتی دێتەوە نیسکێنە ئەخوا و پاشان خۆی بە تەنها لە ژوورێکا ئەنوێ و دەرگای دەرەوەی ژوورەکەی لە سەر دا ئەخرێ. ئەکەوێتە نیوە شەو کابرا حەلوەلای پێ ئەکەوێ هەڵئەستێ دەست ئەنێ بە دەرگاکەوە، سەیر ئەکا لەودیوەوە داخراوە. هیچ چاری نامێنێ هەمانە خاڵییەکە دێنێ و تێی ئەڕێنێ! بەو جۆرە لە سەری ئەڕوا تا بەیانی پڕی ئەکا و هەر جارەش ئەڵێ: بکەم وە گۆڕ باوکتەوە گۆرانە هێزە. لەو لاشەوە هەر سەر لە ئێوارە ساڵح بە دوو جامبازی خەڵکی کفری ئەڵێ میوانێکمان هاتووە، هیزەیە ڕۆنی نایابی پێیە! بەیانی جامبازەکان لەگەڵ مەلا بانگدانا ئەکەونە جامبازە و بەرقاپی ماڵی لالۆ ساڵح ئەگرن. کابراش هەر لە تاریک و لێڵەدا هەڵئەستێ لە تەریقیانا هەمانە گوو ئەدا بە کۆڵیا و دێتە دەرەوە. هەر کە دێتە دەرەوە جامبازەکان قیڕ ئەیگرن.

جامبازی ئەوسای کفریش وەکوو تانجی چۆن ڕاوی نێری دەست کەوتایە بەڕەڵای نە ئەکرد، ئەمانیش بۆ کورد و کارەی دەرەوە ئاوا بوون! هەمانە ئەگرن و ئەڵێن: ئەم ڕۆنەت بە چەند؟ کابراش ئەڵێ: ڕۆن نییە لێم گەڕێن. ئەوان تازە نێری خۆیان دەستکەوتووە بەرەڵا کردن هەر نیە. هەر ئەڵێن: ئەبێ لێت بستێنین و ئەم ئەڵێ: نایفرۆشم. لە ڕوویشی هەڵنایە بڵێ گووە. ئەوان هەمانە ڕائەکێشن و ئەم ڕای ئەکێشێ و ئەڵێ: بکەم وە قنگ دایکتانەوە بەرەڵای کەن با بڕۆم، بە جێمام. لەم مڕومشت و بگرە و بەری دەدا پشکی هەمانە بەر ئەبێ و - شەروەت وێ لە ڕوودا - گووی لە نیسکێنە دروست بوو هەموو سەر و چاوی جامبازەکان ئەشواتەوە!

دیارە لەم هەرا و هوریایەدا دنیا بە تەواوی ڕووناک ئەبێتەوە و ئەبێ بە ڕۆژ. خەڵکی دائەبارن. ئیش لەوە ئەترازێ کە بە شێنەیی لەگەڵ یەک ببزوونەوە. ئەوان ئەم ئەدەنە بەر شەق و پاشاماوەی پیساوی [هەرچی] لە سکیا مابووەوە، هەمووی هەڵئەڕژێتە ئەو ناوە. ئەمیش بە گاڵۆکەکەی دەستی و بە هەمانەی بن دەستی ئەوەندەی تر ئەوان ئەشواتەوە. لالۆ ساڵحیش وەکوو خەڵکی تر دێت لەو لاوە سەیر ئەکا. جامبازەکان کە جنێویان ئەدا بە لالۆ ساڵح بۆ ئەم ڕۆنە چاکەی بۆی دۆزیونەتەوە، کابرای کوردەش هەر جنێوی بە لالۆ ساڵح ئەدا بۆ ئەم میواندارییەی کە کردی. ئەوان لەو ناوەدا بەو جۆرە یەکتریان سەگ کوژ کرد. کابرای کوردە بە هەر جۆر بوو نیوە گیانێکی دەر کرد و چوەوە ئێتر لە تەرێقیا جارێکی کە ڕووی نەکردەوە بە کفرییا. لالۆ ساڵح ڕزگاری بوو لە دەستی!