مەلا سەعیدی هەورامی وتی لە گەرمیان لە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  747 بینین

مەلا سەعیدی هەورامی وتی لە گەرمیان لە خێڵێکی «باشکی» مەلای ڕەمەزان بووم و لە ماڵی «حەمەلاو»ی باشکی بووم. حەمەلاو دوو ژنی هەبوو، گەورەکەیان «ئامە»ی ناو بوو. ئەو ڕەمەزانە حەمەلاو هیچی پێ نەکردبوو، کەوتە دەمەدەمی جەژن لە ڕۆژی عەرەفەدا ئامە گۆیا ئەچێتەوە بۆ ماڵی باوکی بۆ ئەوە جەژن لەوێ بکا، حەمەلاو بە هەلی ئەزانی ئەچێ بەرۆکی ژنە بچکۆلەکەی ئەگرێ و ئەڵێ: کچێ ئامە لێرە نییە باخەریک بین. مەلایش خۆمانە تا ئامە لێرە نییە دەستێ ئەوەشێنین. کە حەمەلاو و ژنەکەی خەریکی ئیش ئەبن، ئامە لە پێشا دڵی چەکەرەی کردبوو خۆی لێیان داگرتبوو، لەو کاتەدا ئەچێ بەسەریانا! حەمەلاو هەر خێرا جامانەکەی ڕائەخات و دەست ئەکا بە نوێژ کردن، ئامە ئەچێ بە جنێودان تێی بەر ئەبێ و چاکی کەواکەی هەڵ ئەداتەوە و سەیر ئەکا حەیتە مل دابڕیاگەی جارانی خۆی، لە ژێر کەواکەوە بەلەبەلیەتی! ئەڵێ: حەمەلاو! درۆزن ڕووی باوکی ڕەش بێ، ئەمە کێری تەحیات و نوێژ کردنە؟ تو خوا مەلا تۆ پیاوێکی وەتەحیاتی، بۆ خوا قسە بکە ئا ئەم کێرە کێری تەحیاتە؟ مەلا سەعید وتی ناچار منیش دامە پاڵی و وتم: نەوەڵڵا کێری تەحیات وا بەلەبەلکەر نییە!