ئەو ساڵە قائیمقامێک لە چوارتا هەبوو کە ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  742 بینین

ئەو ساڵە قائیمقامێک لە چوارتا هەبوو، کە یەکەم جار بوو چوارتا قائیمقامێکی تێ ئەچوو، یەکەم جاریش بوو ئەو کابرایە ئەبوو بە قائیمقام.

مدیری ماڵ «میرزا مارف» بووە ڕۆژێک لە ئاخری مانگا لیستەی ئەو مانگەی دایەرە بەم جۆرەی خوارەوە ئەنووسێ و ئەیبا بۆ قائیمقام ئیمزای بکا و بینێرن بۆ سلێمانی:

لەوازمی نووسین ٢٠٠ ڕوپیە. سووتەمەنی ١٠٠ ڕوپیە. تەعمیرات ١٠٠٠ ڕوپیە. مەعاشی ئەهلی دایەرە ٢٠٠٠ ڕوپیە. جەمعی کول ٣٣٠٠ ڕوپیە.

قاییمقام سەیرێکیان ئەکا و ئەڵێ: لەوازمی نووسین تەواوە ٢٠٠ ڕوپیە، سووتەمەنی تەواوە ١٠٠ ڕوپیە، تەعمیرات تەواوە ١٠٠٠ ڕوپیە. مەعاشی ئەهلی دایەرە تەواوە ٢٠٠٠ ڕوپیە. ئەمجا چاوی ئەکەوێ بە جەمعی کول - ٣٣٠٠ ڕوپیە - تووڕە ئەبێ و ئاگری تێبەر ئەبێ و ئەڵێ: ئەم جەمعی کولە سەگبابە کێیە کە هەر مانگێک ئەوەندە پارە لەم دایەرە وەرئەگرێ؟ و من تا ئێستە ڕێنەکەوتووە جارێک بەرچاوم بکەوێ؟

ئەمجا کاتبی تەحریر بانگ ئەکا و ئەڵێ: لە ئێستە زووتر نییە ئەم جەمعە کولە سەگبابە فنیش کە و ئیتر پووڵێکی تری مەدەنێ. وەرەقەی فنیشەکەیم بۆ بێنە ئیمزای کەم!