حەمەی کوێخا خدری داربەڕوولە هەبوو لە ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 6 خولەک  750 بینین

حەمەی کوێخا خدری «داربەڕوولە» هەبوو؛ لە زەمانی تورکەکانا عەسکەر بوو. ئەم حەمەیە بە دەم عەسکەرییەکەوە کاسبییەکیشی بۆ خۆی دۆزیبووە کە پێی بژیت. کاسبییەکەش ئەوە بوو «گرەو»ی لەگەڵ خەڵک ئەکرد لەسەر پارە، زۆرترین وەخت گرەوەکەی ئەبردەوە و پارەکەی وەر ئەگرت. لەم ڕێگایەوە بۆ خۆی پارەیەکی باشی پێکەوە نابوو بەڵام هەموو سەربازی فەوجەکەی خستبووە سەر ساجی عەلی!

فەرماندەی فەوجەکەی یوزباشییەک بوو. ئەم یوزباشییە بە تەواوی بە تەنگ هاتبوو بە دەستیەوە. بەلێدان، بە حەبس کردن، بە هیچ شتێک چاری نەئەکرد. ئاخری دێتە سەر ئەوە کە لە فەوجەکەی خۆیان نەیهێڵێت و بینێرێتە لایەکی تر. بەم بۆنەوە ئەنووسێ بۆ بین باشی کە ئەم کابرایە لە لای ئەو نەیەڵێ. بۆی ئەنووسێ: سەربازێکمان لایە هیچ ئیش و کاری نییە گرەو کردن نەبێ و هەموو سەربازەکانمانی لات کردووە. هەر چەندە لێی ئەدەم و حەپسی ئەکەم واز نایەنێ و زۆرتریش لە گرەوەکانیا هەر ئەیباتەوە؛ تەنانەت تا ئێستە دوو سێ جاریش لەگەڵ من کردوویەتی و لێی بردوومەتەوە. وام لێ هاتووە هیچ پارەی بەدەستەوە نە هێشتووم. تکا ئەکەم لە لای ئێمە هەڵیگرن و بیخەنە شوێنێکی کە.

ئەم نووسراوە ئەنێرێ بۆ بین باشی. بین باشی کە ئەیخوێنێتەوە لەمە تووڕە ئەبێ و بە تەلەفۆن بە یوزباشییەکە ئەڵێ: هەر ئێستە ئەو کابرایە بنێرە بۆ لام و با لای خۆم بێت، دیارە ئێوە ناتوانن تەمێی بکەن، یا ناتوانن لەشکر بەخێو کەن، ئەگینا چۆن شتی وا ئەبێ؟ ئەبێ تا ئێستە ئەو کابرایە گوێی لە شریخەی شەلاخ نەبووبێ.

لەسەر ئەم فەرمانە حەمەی کوێخا خدر ئەنێرێ بۆ لەشکری بین باشی و ئەچێ لە بەردەم فەرماندەدا تەق سەلامێکی سەربازی دائەکۆتێ و ئەڵێن: قوربان من سەربازی لەشکری یەکەم حەمەی کوێخا خدرم.

فەرماندە ئەڵێ: سەگباب بۆچ لە لەشکری یەکەمدا گرەوت ئەکرد و ئەتبردەوە؟ ئەڵێ: قوربان من چی بکەم، ئەوان گرەویان لەگەڵ ئەکردم و منیش ئەمبردەوە. بەختم لە گرەودا هەبوو!

فەرماندە ئەڵێ: گووت خوارد، بەختم هەبوو چییە؟ ئێستە تەشریفت بڕوا تا ئەگەمە خزمەتت! حەمەی کوێخا خدر لەو کاتەدا کە ویستی سەلەم بگرێ و بگەڕێتەوە دواوە، کتوپڕ بە فەرماندەی وت: قوربان وا تێ بگەم جەنابتان مایەسیریتان هەیە!

بین باشی وتی: سەگباب! گوو بخۆ. ئەم فڵتە فڵتە چییە؟ من لەژێر چاوەدێری پزیشکی تایبەتیدام، هیچ دەردێکم نییە، نە مایەسیریم هەیە نە شتێکی تر.

حەمە وتی: قوربان من گرەوت لەگەڵ ئەکەم کە ئێوە مایەسیریتان هەیە، بە ڕەگتانا دیارە. فەرماندە وتی: سەگباب!

دیسان دەستت دایەوە گرەو کردن؟ حەمە وتی: بەڵێ قوربان گرەو ئەکەم، گرەو ئەکەم لەسەر پەنجا لیرە جەنابتان مایەسیریتان هەیە.

فەرماندە زۆر تووڕە بوو هەر قسەکەی حەمەی ئەگێڕایەوە: پەنجا لیرە، گرەو ئەکەم لەسەر پەنجا لیرە... گرەوم لەگەڵ ئەکا لەسەر پەنجا لیرە! تەواو، تەواو.

لە پاشا لە دڵی خۆیا فیکری کردەوە وتی خۆ من مایەسیریم نییە، ئەگەر بێت و گرەویشی لەگەڵ نەکەم لە چەند لاوە خراپە ڕووم تێ ئەکا؛ خۆ ئەگەر ئەم سەربازە گرەوی لەگەڵ نەکەم لە ناو لەشکرەکەدا بڵاوی ئەکاتەوە کە من مایەسیریم هەیە؛ یەکێ پەنجا لیرە گاڵتەی لەگەڵ بکرێ مانگانەی دوو مانگمە. من کە بزانم مایەسیریم نییە بۆچ ئەم گرەوە نەکەم؟ یەکێکی تر ئەوەیە کە لە هەموو زیاتر کە من ئەم سەگبابە گرەوی لەگەڵ بکەم و لێی بەرمەوە و بە یوزباشی فەرماندەی لەشکری یەکەم بسەلمێنم کە ئەم سەربازە گوویەکی وا نییە. ئەو سەربازەی کە لە لەشکەرەکەی ئەوا پاڵەوان بوو، هەر کە هاتە لەشکرەکەی منەوە من خۆم لێم بردەوە.

بین باشی کە هەموو ئەم شتانەی لێکدایەوە و سەیری کرد هەموو قازانجی خۆیەتی، بە سەربازەکەی وت: بچۆ پزیشک بێنە تا تەماشام بکا، من ئامادەم بۆ ئەوە ئەم گرەوە بکەم. حەمەی کوێخا خدر وتی: قوربان! پزیشکی ناوێ، مایەسیری دوو جۆرە، یەکێ تەڕە و خوێنی هەیە، یەکێ وشکە و دوگمەی هەیە. من خۆم چاکی لێ ئەزانم فەرموو دەرپێکەت داکەنە خۆم تەماشاتان ئەکەم؛ چونکە دەستی حەکیمیم هەیە!

بین باشی، حەمەی کوێخا خدری بردە ژووری تایبەتی خۆیەوە و دەرپێکەی بۆ داکەند. حەمە پەنجەی خۆی تا بن کرد بەقنگی فەرماندەدا و دەری هێنایەوە و وتی: قوربان هەر چەند سەیرم کرد ئێوە مایەسیریتان نییە، گرەوەکەم دۆڕاند، فەرموو ئەمە پەنجا لیرەکە. خێرا دەستی برد پەنجا لیرەکەی لە بەردەم فەرماندەدا دانا.

بین باشی بە خۆشی خۆشی دەرپێکەی هەڵکێشایەوە و پەنجا لیرەکەی خستە تەنکەی باخەڵی و هاتە ژوورەی ئێدارە و دەستی دایە تەلەفوون و قسەی لەگەڵ یوزباشی فەرماندەی لەشکری یەکەم کرد و وتی: هەی بێمێشک! بە ڕاستی، ڕاستە کە هیچ ئیدارەت نییە. ئەم سەربازە خوێڕییە کە ناردبووت لە ماوەی دە دەقیقەدا پەنجا لیرەی بە من دۆڕاند و چاوم شکاند کە جارێکی کەش گرەو لەگەڵ کەسا نەکا.

یوزباشی وتی: چۆن؟ بین باشی وتی: پێی وتم کە تۆ مایەسیریت هەیە و لەسەر پەنجا لیرە گرەومان کرد، وە خۆی بە هەموو ئارەزووی خۆی پەنجەی کرد بە منا. کە سەیری کرد هیچ مایەسیریەکم نییە جوان و پوخت پەنجا لیرە کەی دانا و ئاقڵ بوو بۆ جارێکی کەش کە ئیتر گرەو نەکات!

لەم کاتەدا یوزباشی فەرماندەی لەشکری یەکەم لە پشت تەلەفوونەکەوە بە حەپەساوییەکەوە وتی: ئاخ پشتم شکا! بین باشی وتی: چی بوو؟ یوزباشی فەرماندەی لەشکری یەکەم وتی: ئەم سەگبابە چەندە فێڵباز و دەستتەڕە. لە گەڵ منا لەسەر دووسەد لیرە گرەوی کردووە کە من ئەو بنێرم بۆ لەشکەری ئێوە بە گەیشتنە پێشەوەی پەنجەیەک بکا بە قنگی فەرماندەدا کە جەنابتانن. من وتم ناتوانی، ئەو وتی تۆ گرەوم لەگەڵ بکە و بمنێرە، ئەگەر بین باشیم بە پەنجەیەک تاقی نەکردەوە تۆ دووسەد لیرەی خۆت وەربگرە! ئەوا ئێستە وا دیارە دەستی خۆی وەشاندووە و پەنجەی کردووە بە قنگی جەنابتان و خۆیشی سەدوپەنجا لیرەی بۆ ماوەتەوە. بین باشی دەستی سارد بووەوە، تەلەفوونەکەی لە دەست کەوتە خوارەوە!