شەڕی دووەمی گیتی بوو هەم هەموو شتومەکێک...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  665 بینین

شەڕی دووەمی گیتی بوو. هەم هەموو شتومەکێک گران بوو. هەم لەشکری حوکوومەتەکان بە هەموو لایەکا بڵاو ببوونەوە. هەندێ سەربازی پۆڵۆنی بەهۆی گەرمەی شەڕەوە کەوتبوونە کەرکووک. زابتێکی پۆڵۆنی لەگەڵ ئافرەتێکی گەڕیدەی شەڕا ڕێ ئەکەوێ! قسەیان لەسەر ئەوە ئەبڕێتەوە کە کابرا جارێک بە خزمەتی ئافرەتەکە بگا و دیناری بداتێ. بەڵام بە مەرجێک پێنج دیناری پێشەکی بێ و پێنجەکەی تری دوای تەواوکردنی کڵاوەکە! لەسەر ئەم بڕیارە پێنج دینارە پێشەکییەکەی دا و کافر خرایە جەحەنمەوە! بەڵام کابرا لە پاش ئەوە کە لە ئیشی خۆی بووەوە، دەستی کرد بە ملپێچی کردن لە دانی پێنج دینارەکەی تر؛ بە کورتی نەیدا.

مەلا سدیقی نازەنینی حاکم بوو لە کەرکووک. ئافرەتەکە ئەچێ شکات ئەکا و بەم جۆرە سکاڵانامەیەک ئەنووسێ: سەرۆکی دادگای بەڕێز! جەنابی مسیو پلوتارک ژوورێکی لەم کارەکەرەی خۆت گرتووە بە دە دینار کە پێنج دیناری لە پێش ئەوەدا بێتە ناو ژوورەکەوە بیدات و پێنج دیناریشی پاش ئەوە کە ژوورەکەی وەرگرت. جەنابی میسو لە پاش ئەوە کە پێنج دیناری پێشەکییەکەی دا ژوورە مڵکە تایبەتیەکەمی وەرگرت؛ بەڵام بە پێچەوانەی پەیمانی بەینمان لە دانی پێنج دینارەکەی تر ڕوو وەرئەگرێ.

لەبەر ئەمە ئەم کارەکەرەی خۆت تکا ئەکا کە بۆ وەرگرتنی پێنج دینارەکەی تر لە جەنابی میسو، ئەوەی شایانی داد و عەدڵە بە جێی بێنن بۆ ئەوە ئەم دۆعاگووە داوێن پاکە دڵسووتاوە هەتا زەمانێکی دێرینە منەتباری ئێوە و دادگاتان بێت.

کارەکەرتان ج.

مەلا سدیق لە پاش ئەوە ئاگاداریەی پەیدا کرد بە سەر مەسەلە و سکاڵانامەدا، بە فەرمانێک میسوپۆلۆتارکی بانگ کرد بۆ دادگا بۆ ئەوەی چی لەم ڕووەوە ئەزانێ خۆی پێ بپەڕێنێتەوە. میسوپۆلۆتارک لە ڕۆژی تایبەتیدا هاتە دادگا و وتی: جەنابی دادپرس! من بە دوو بەڵگە پێتان ئەسەلمێنم کە ژووری ئەم خاتوونەم وەرنەگرتووە. خاتوونیش لەو لاوە ڕاوەستابوو. هەر داوایەک کە لەم ڕووەوە ئەیکا من ئەیگێڕمەوە و ناچمە ژێری. دوو بەڵگەکە یەکێکیان ئەوەیە کە ئەم ژوورە لە تەنیشت ئاودەستخانەوە بوو، دووەمیان ئەوەیە کە شێی هەڵهێنابوو ستاری تیا نەئەکرا. بەم بۆنەوە تکا ئەکەم داواکە بگێڕنەوە.

مەلا سدیق زەردەخەنەیەک گرتی و وتی: جەنابی پۆلۆتارک بەڵگەکانت لەوانە نین کە داواکەیان پێ بگەڕێتەوە؛ چونکە ئەمە ئاشکرایە کە ئێستە زەمانی جەنگە و کرێ ژوور زۆر گرانە. دە دینار شتێکی وا نییە کە پیاو بتوانێ ژوورێکی نایابی پێ بە کرێ بگرێ. دیارە مەگەر هەر ژوورێک بە دە دینار کە لە تەنیشت ئاودەستخانەوە بێت. دووەم ئەم ژوورە کە تۆ گرتووتە شێدار و مەرتووب نەبووە، جەنابتان هەر لەگەڵ چوونە ناویەوە هەموو کەلێن و قوشبنێکتان ئاوپاشی کرد و ڕشاندتان، بێگومان ژوورێک کە شێدار بێت ناڕشێندرێت. سێیەم ئێوە هەموو ژوورەکەتان گرتووەتە دەست؛ چونکە هەر شتێکتان هەبوە و نەبووە خستووتانەتە ناوی، تەنانەت بە هۆی ئەوەوە کە هەموو ژوورەکەتان داگرتووە و پڕتان کردووەتەوە، دوو باڵتان پێ بووە چێتان نەبووەتەوە و لە بەر دەرگاکەدا جێتان هێشتووە! لە ئاخر دادگا حوکمی دا بە سەر پۆلۆتارکا بە پێنج دینارەکەی تر و خاتوو «ج» بە سەرکەوتوویی لە دادگا چووە دەرەوە.