لەو وڵاتی قوروەیە دوو ماڵ لە حەوشەیەک...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  915 بینین

لەو وڵاتی «قوروە»یە، دوو ماڵ لە حەوشەیەکا بوون. ئەویش هەر لە سەر کوردەواری ئەژمێردرێ. لە کوردەواریدا بە تایبەتی لە لادێکانا هیچی تێدا نییە ئەگەر چەند ماڵ لە حەوشەیەکا بن. لە یەکێ لەم ماڵانەدا ژنێکی مێردداری جوانکەلە هەبوو، لە ماڵەکەی تریشا کوڕێکی گەنجی لاو چاک، ئەم کوڕە و ژنە سەر و سەودای دۆستایەتی و دەسبازییان پێکەوە دامەزراندبوو، بەڵام هەرچەندەیان ئەکرد بۆ ئیشی خێر نەیان ئەتوانی بە یەک بگەن و کوڵوکۆی دەروونیان تۆزێ دامرکێتەوە.

ڕۆژێک ژنەکە بە کوڕەکەی وت: بەم جۆرە ئێمە ناتوانن بە یەک بگەین؛ چونکە بە ڕۆژە کە مێردەکەم لە ماڵ نییە تۆیش لە ماڵ نیت، بە شەو کە تۆ لە ماڵیت ئەویش لە ماڵە؛ کە واتە چار نییە، شەو کاتێ کە مێردەکەم نووستووە تۆ بێیت و ئیشی خۆت جێبەجێ کەیت. ئەمە لە هەمووی چاکترە. ئەوەش بزانە کە مێردەکەم خەوێکی زۆر گرانی هەیە، بەڵام بۆ ئەوە کە لەبەر ئەوە دنیا تاریکە، منت لەگەڵ مێردەکەما لێ تێک نەچێ، من سەری دەزوویەک ئەبەستم بە پەنجەی پێی خۆمەوە، سەرەکەی تر تۆ لە ژوورەکەی لای خۆتان کە بە تەنیشت ژوورەکەی ئێمەوەیە بیگری بە دەستتەوە، بە شارەزایی دەزووەکە شەوێ ئەتوانی بێیە سەرم.

لەسەر ئەم پەیمانە خانم دەزووەکەی بەست بە پەنجەی خۆیەوە و سەرەکەی تری خستە ملی کوڕەی دۆستییەوە. ژنە لە کاتێکا کە لەگەڵ مێردەکەیا نووستبوو پێی مێردەکەی گیر کرد لە دەزووەکە، پرسی: ئەمە چییە؟

ژنە هەر وا بە سادەیی و ساردییەوە وتی: پیاوەکە ئەڵێن هەر کەس چڵ ڕۆژ بەر دەرکی ماڵەکەیان بڕشێنێ و گسکی لێ دا، لە شەوی چلەمیندا خیدری زیندە - زیندە ڕۆحم بە قوربانی بێ - دێتە خەوی. ئەو کەسەش ئەبێ دەزوویەکی سپی ببەستێ بە پێی خۆیەوە، چونکی دەزووی سپی گزنگی فریشتەیە. تۆخوا مێردەکە بنوو با هیچ دەنگ و سەنگێک نەیە، نەوەک حەزرەتی خدرم لێ بڕەوێتەوە!

مێردەکەی سەرەتا بەم قسەیە پێکەنینی هات، بەڵام پاش ئەوە کە ژنەکەی خەوی لێکەوت، بوو بە گرێ لە دڵیا. بە هێواشی هێنای سەری دەزووەکەی لە پەنجەی پێی ژنەکەی کردەوە و بەستی بە پەنجی خۆیەوە و لە دڵی خۆیا وتی: لێ گەڕێ ژنەکەم عەزیەتی کێشاوە با خێر و بێرەکەی من وەری بگرم. من ئەو خۆ هەر یەک ماڵین، هەر خێرێکم لە خدری زیندەوە دەست کەوت، دیارە ژنەکەشم تیایا هاوبەشە! لەبەر ئەوەی کە دنیا هاوین و گەرم بوو، ئەویش وەک ژنەکەی تەنگەی خۆی لێ کردەوە و بە ڕووتی لێی نووست.

ئەمجا لەو لاوە کوڕەی خانمباز - کە ئاگری بەیەک گەیشتن لەگەڵ دۆستیا هەڵی گرتبوو - ئەو شەوە هیچ خەو نەچووە چاوی. دەقەیەکی بە سەد ساڵ لێ ئەڕۆیشت کە کەوتە پاش نیوەشەو، بەهێواشی هەستا بە دڵەکوتێ و بە دڵەتەپێ بە هەر جۆر بوو خۆی گەیاندە ئۆدەی ژنەکە بە شارەزاییی دەزووەکە هات تا گەیشتە سەر پێی کابرای مێرد. دنیاش تاریکە، نازانێ، لای وایە ئەمە پێی ژنەکەیە؛ چونکە پەیمان وا بووە، کابرایش لەوپەڕۆ کەوتبوو، کوڕە ویستی خەبەری کاتەوە [بۆ ئەوە ئیش و کار لە شوێنی ڕەسمی خۆیەوە بڕوا] بەڵام لە ترسا لەوەی مێردەکەشی خەبەری بێتەوە. بەناچاری هەر لە دواوە پەڕییە کۆڵ کابرا کە ئەو بە ژنی زانیوە و لێی توند کرد. کە ئەم لێی توند کرد! کابرا خەبەری بۆوە و بە دەنگێکی بەرزی بە توند وتی: یا حەزرەتی عەباس! یا حەزرەتی عەباس!

کوڕی بەدبەخت کە لە یەکەم شەوا بووکی بە نێر بۆ دەرچوو، حەپەسا و ڕاچەنی، هەر ئەوەی پێ کرا دەری هێنا و بەرەو دوا پێی لێ کرد بە پشتا!

لە هەرا و ناڵەی کابرا، ژنەکە بە خەبەر هات و پرسی: مێردەکە چی بوو؟

بۆ چی هاوار ئەکەی؟ کابرا لەبەر ژانی دوای دەنگی خاو ببۆوە بە نووزەیەکەوە وتی: هیچ، هیچ، ئەگەر حەزرەتی عەباس نەگەیشتایەتە فریام، خدری زیندە - ڕۆحم بە قوربانی بێ - هەموو دەوروبەری کۆممی پارچە پارچە ئەکرد!