عەزیز خانی سەردار (عەزیز خانی گەورە) زۆر...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  735 بینین

عەزیز خانی سەردار (عەزیز خانی گەورە) زۆر بە خۆشی و بە دەستووری خانەدانی پادشایی ڕای ئەبوارد یاسای دیوەخان و دیوەخانداری بەگزادەکانی موکری سەرمایەی هەموو قەڵەمێک بوو، عەزیز خان سەرباشقەی ئەمانە هەمووی بوو. عەزیز خان چوار ژنی هەبوو. کەنیزەک و کارەکەرێکی زۆریش لە ئەندەروونا هەبوون.

ڕۆژێک عەزیز خان چوو بە قینا و گوێی بە دارودەستەی ئەندەروون نەئەدا، وای لێ هات شەڕ لە ناوچاوی ئەباری. عەزیز خان لەلەیەکی هەبوو «تەیموور»ی ناو بوو. تەیموور وەکوو لەلە بوو، سەر و سەکوت و قسەکردنیشی هەموو کۆست کەوتوویەکی ئەهێنایە پێکەنین. ژنانی ئەندەروون پەنایان برد بۆ تەیموور وتیان: ئەگەر ئیمڕۆ تۆ شتێکی وا بکەی عەزیز خان بێنیتە پێکەنین، چیت بوێ ئەتدەینێ.

تەیموور کەوتە شوێن عەزیز خان و لە ناوەڕاستی شەقامی یەکێ لە باخەکانی بۆکاندا، دۆزییەوە.

عەزیز خان کە چاوی بە تەیموور کەوت ڕووی لێ وەرسووڕاند و ڕووی کردە شەقامێکی تر، چونکە ئەیزانی کە تەیموور ئەیهێنێتە پێکەنین و ڕیسی ئەو ڕۆژەی ئەکا بە خوری. تەیموور چوو لە شەقامەکەی تریشا لە بەر لووتیەوە سەوز بوو. عەزیز خان چاوی داخست و لەوێش لای دا. بەکورتی ئەو بۆ هەر لایەکەوە ئەچوو ئەم وەکوو مووی لووت لە بەر دەمیا بوو.

ناچار عەزیز خان لە قەراخ جۆگەیەکدا ڕاوەستا و بە دارەدەستەکەی خاکی قەراخ جۆگەکەی هەڵئەدایەوە، ئەمەشی بۆ ئەوە ئەکرد کە خۆی خەریک بکا و گوێ بە تەیموور نەدا. لە ئاخرا تەیموور هەر وازی نەهێنا و تووشی بوو و پێی وت: قوربان ئەوە لە ناو ئەم باخچەدا بە شوێن چییا ئەگەڕێی؟ عەزیز خان بە تووڕەییەوە وتی: سەگباب بە شوێن هینا، بڕۆ وازم لێ بێنە. تەیموور وتی: نا قوربان، ئەبێ بزانم بە شوێن چییا ئەگەڕێی. وتی: بەد فەساڵ پەنجا ساڵە گیرم خواردووە نازانی؟ تۆ ئیشت چییە بە کاری منەوە؟ وتی: قوربان نابێ هەر ئەبێ بیڵێیت کە بە شوێن چییا ئەگەڕێیت؟ عەزیز خان ئەمجارە زۆر تووڕە بوو، بە ئەوپەڕی تووڕەیی و دەنگ بەرزییەوە وتی: قوڕمساغ! بە شوێن کێرا ئەگەڕێم، ئیتر قسەیەکت ماوە؟

تەیموور وتی: قوربان! هەرا مەکە و لەسەر خۆت بیڵێ بە گۆڕی بەگزادەکانی موکری سوێندت ئەدەم کە لەسەر خۆت قسە بکە؛ چونکە ئەگەر ژنەکانی حەرەمسەرا بزانن لەم باخەدا شتی وا هەیە، خاک و بەرد و داری بە توورەکە ئەبێژن و ئەیبەن.

عەزیز خان دەستی کرد بە پێکەنین و وتی: ئەی بەڵام لە چارەت دا بۆ خۆت و بۆ قسەت.