کابرایەک لەو دەشتە لەسەر پێشاو دانیشتبوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  873 بینین

کابرایەک لەو دەشتە لەسەر پێشاو دانیشتبوو. دەوروبەرەکەی ڕەز بوو. شەنگەسوورەیەک هات و دای بە داعباکەیەوە. تا هاتەوە بۆ ماڵەوە دەعبا بوو بە قەد کوندەیەک. پیشانی ژنەکەی دا، ژنە وتی: ئەمەت لە کوێ هێنا؟ کابرا لە دڵی خۆیا وتی: ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێک.

وتی: بە خوا ژنەکە ئەوەی ڕاستی بێ هینەکەی خۆم و دە لیرەم باقی داوەتەوە ئەمەم لە کابرایەک وەرگرتووە. بەڵام ئێستە پەشیمانم؛ چونکە بە دە لیرەکە هەزار کاسبیم پێوە ئەکرد. ژنە وتی: هیچ پەشیمان مەبە، ئەگەر لە هەموو عومری خۆتا موعامەلەیەکی باشت کردبێ هەر ئەم موعامەلەیە بووە. منیش هەر ئێستە دە لیرەکەت ئەدەمەوە. هەر خێرا چوو ئەم چەند ساڵە چ پارەیەکی بە پوولە پوولە لە مێردەکەی دزی بوو، هێنای. کە سەیری کرد لە باتی دە لیرە، یانزە لیرەشە، کردیە دەستی مێردەکەیەوە و وتی: ئەوا لیرەیەکیشی زیادە بۆ تۆ باشە ئیشێکی پێوە ئەکەی!

لە پاش سێ چوار ڕۆژ کابرا وانێکەکەی چاک بوەوە و ناوساویەکەی نەما و وەکوو خۆی لێ هاتەوە. ژنە بەتووڕەییەکەوە وتی: ئەوە ئەو دەعباکەی کڕیبووت چی لێ هات؟ کابرا وتی: ژنەکە دەنگ مەکە ئەمە خۆ بە ماڵی دزیەتی دەرچوو. خاوەنی بۆ پەیدا بوەوە و لێیان وەرگرتمەوە! ژنەکە وتی: کە واتە بڵێ ئەمە ماڵی دزیەتی بوو کەوا بەو هەرزانییە کەوتبووە دەست؛ ئەگینا ئیمڕۆ ئەو جۆرە شتە بەنرخانە چۆن ئەدەن بە ئەوەندە پارە. بزانە ئەگەر جارێکی کە شتی وات دەست کەوت نەیەڵی خاوەنەکی پێی بزانێتەوە!