فەرامیرزا لە سنە بارام سانی یەکەم...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  789 بینین

«فەرامیرزا» لە سنە، «بارام سان»ی یەکەم لە هەورامان بانگ ئەکا بۆ سنە، ئەمیش بە چەند پیاوێکی خۆیەوە ئەچێت و میوانی حکوومەت ئەبێت. ئەمان هەموو لە «دەرماڵ» ئەبن. بارام سان شوێنێکی شاهانەی بۆ تەرخان ئەکرێت، بە تایبەتی ژوورێکی ئاوێنەبەند ئەبێ لە دەرماڵەکە، کە بۆ پیاوێکی گەورە دانراوە، ئەمە دائەنێن بۆ بارام سان کە کەسی تری تیا نابێ.

شەوێک سان ئیشی سەر ئاوی ئەبێ، کە هەڵئەستێ دەست ئەنێ بە دەرگاوە سەیر ئەکا دەرگا لەو دیوەوە داخراوە! ئەمەش ڕێکەت بوو؛ ئەگینا هەموو وەخت وا ئەبوو. بە ئەمە زۆر تێک ئەچێ، خۆی ڕائەگرێ، بەڵام ئەو حاکمەی لە سکیایە لە فەرامیرزا حاکمتر ئەبێ! هەرچەند ئەکا هیچ چارێک نادۆزێتەوە. ناوسکی دەست ئەکا بە دان و قۆڕەقۆڕ کردن. ئۆقرەی لێ هەڵئەگیرێ دیسان چار نییە؛ خەو ئەوە هەر بەجارێ باری کرد. بێجگە لەمەش ئەیویست لەو کاتەدا هەورامانی لهۆن و ڕەزاو بدا، هەر بەو شەرتە لەو بەڵایە ڕزگاری ببێ. بەم سەر و بەو سەری ژوورەکەدا هاتوچۆ ئەکا و پێچ ئەدا، لەو کاتەدا کە تۆزێک چاوی بە هەورامانی تەخت ئەکەوێ، چاوی بە تاقێکی ژوورەکە کەوت کە مانگەشەو لە پشت شووشە و ناوبەندی تەلارەکەوە هاتۆتە ژوورەوە و داویە لە ناو تاقەکە و بەم هۆیەوە هەندێ لە بنمیچی ژوورەکەی ڕووناک کردۆتەوە. بارام سان لەبەر ئەمە دنیا شەوە و لەبەر ئەمە کە ژان و پێچی ناوسکی هیچ هۆشێکی لا نەهێشتووە، وا تێگەیشت کە ئەمە کۆڵانە! بەم بۆنەوە زۆری پێخۆش بوو ڕێگای چاری دۆزییەوە. هێنای تاکێ لە گۆرەوییە پووزەوانەییەکەی خۆی وەکوو بۆڕییە، نووسانی بە خۆیەوە و پڕی کرد.

بە زیادەوە بەنەکەی توند شەتەک دا دوو سێ جار وەکوو قۆچەقانی ئەسووڕێنڕێتەوە بە دەوری سەرا بۆ ئەوەی بەردەکە زۆر بڕوا، ئەمیش سووڕاندییەوە و هاوششتی بۆ لای کۆڵانە خەیاڵییەکە، کوتوپڕ گۆرەوی پڕ لە خەستەی ئاردەتووی هەورامان و نیشاسەی پەشمەکی میوانخانەی فەرامیرزا بەو جۆرە ڕۆیشت و دای لە بنمیچەکە و تڵیشا و تەقییەوە و ژووری بلوورینی فەرامیرزای سواغ دا!

بارام سان کە ئەمەی چاو پێکەوت هەناسەیەکی ساردی هەڵکێشا لە شوێنەکەی خۆی وشک بوو؛ ئەمجا کەوتە ئەو خەیاڵەوە کە لە پێش ئەوەدا ڕۆژ ببێتەوە چۆن ئەم بنمیچە پاک کاتەوە و چۆن ئیشێکی وا بکا کە ئابڕووی خۆی و عەشیرەتی نەچێ؟

پێش وەشاندنی ئەم دەستە گوڵە زۆر خەوی ئەهات، بەڵام حاکمی ناوسکی نەیئەهێشت. کە لەوە ڕزگاری بوو ئەمجا حاکمی ئابڕووچوون سەری لێ تێک دا، بەکورتی نووستن نەما.

بەیانی زوو چووە بەرهەیوانی سێ دەرییەکە - کە ئەیڕوانی بە سەر کۆڵانا - سەیری کرد وا کابرایەک خەریکە کۆڵان گسک ئەدا، بانگی کردە لای خۆی کابرا هات و پێی وت: تۆ ڕۆژێ چەندە پارە وەرئەگری بۆ ئەم ئیشەت؟ وتی: ڕۆژێ دوو قەران. وتی: شوێنم کەوە.

خۆی پێشکەوت و ئەو لە شوێنیەوە تا بردییە ژووری بلوورینی بە پیسی هەنوورا و ئەسڵی شوێنەکەی پیشان دا وتی: من سەد قەرانت ئەدەمێ بەبێ دەنگ هەر ئێستا ئەم شوێنەم بۆ پاک کەوە. کابرای گسکدرە سەیرێکی بنمیچەکەی کرد و تێگەیشت کە چی پێوەیە، هەر وا بە ساردییەکەوە وتی: قوربان من دووسەد قەران ئەدەم بە جەنابت هەر ئەوەندە پێم بفەرمووی چۆن فیڕانووتە بەم بنمیچەدا؟...