بردمانەوە یان نەء؟

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٤)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 4 خولەک  769 بینین

ساڵی ١٩٥٧ بوو؛ بەرگی یەکەمی «ڕشتەی مرواری» دەرچوو. لەو بەرگەدا لە سەرەتاکەیا وتم ئەم بەرگە دەرئەچێ زۆر کەس ئەکەونە تەقەکردن، بەڵام لە ئەنجاما وا نامێنێ و نرخی ئەزانرێ. زۆری پێنەچوو هەر لەو ساڵەدا بەرگی دووەمیشی دەرچوو. بەرگی سێیەمی لە ساڵی ١٩٥٨دا هات بە شوێنیا. ئیتر هەر لەو ساڵەدا دەزگای عێراق گۆڕا و دەور و دووکانێکیتر هاتە پێشەوە. هەر دوو قسەکە هاتەدی؛ قسەی یەکەم کە زۆر کەس کەوتنە تەقە و دەستیان کرد بە ڕەخنەگرتن، بەڵام بەرەکەت دا من هیچ گوێم نەدایە.

بەرەبەرە قسەکەم بوەوە و وای لێهات ئەوانەی کە زۆر لە دژی بوون، بە دزییەوە داوای خوێندنەوەیان کرد! ئینجا کەوتە دەوری نرخ دەرکەوتن و نرخ زانینەکەی؛ سەیرم ئەکرد ئەوانەی کە لە سەرەتاوە زۆر ڕەخنەیان لێ ئەگرت، ئەوانە زیاتر بە ئارەزوو بوون بۆ خوێندنەوەی و بۆ دەرچوونی بەرگی تری!

ئەمەش لەبەر چی بوو؟ دیارە ئەو دەستەیە کە ئەو بێزارییەیان لە شتی وادا دەرئەبڕی، دەستەیەکی خوێندەواری تێگەیشتوو بوون. لە باوەڕی ئەو ڕۆژەی ئەوانا، بە لایانەوە وابوو نابێ ئەم جۆرە شتانە بکەونە سەر قاقەز و بکەونە بەردەمی هەموو کەسێکەوە. لە پاشا هەر ئەو جۆرە دەستەیە خۆیان لە خۆیانەوە بۆیان دەرکەوت کە ئەمە ئەدەبە و کەلەپووری ئەدەبی ئێمەیە، نابێ سەریان تیابچێ و لەناو بچن. لە ڕووی ئەم باوەڕەوە ئەوان گەلێ زیاتر بە شوێن بەرگە چاپ نەکراوەکانی تریا ئەسووڕانەوە! کە گەیشتنە ئەم شوێنە باوەڕی هەر دوو لامان یەکی گرتەوە کە ئەمانە ئەدەبی نەتەوەکەمانە و ئەبێ بمێننەوە. بەڵام عافەرەم بۆ خۆم کە کۆڵم نەدا و پاڵم بە توانجەوە نا تا لەگەڵ ئەوانا بووین بە یەک. ئۆ! خۆزگەت پێ وێ قسەی پار ئەگێڕیتەوە. ئەوەندە هەبوو لە ماوەی ئەم هەشت نۆ دە ساڵەدا هەر ڕۆژە سازێک و هەر دەمە ئاوازێک پەیدا ئەبوو. ئەو ساز و ئاوازەیە سەری لە دەستەی دووەم تێکدابوو، وای لێ کردبوون ئەو سۆزەی کە سەرەتا بۆ خوێندنەوەی شتی وا هەیانبوو. ئەو سۆزە بە باڵای شتی ترەوە ئاڵا بوو. بەرە بەرە بۆیان دەرکەوت کە ئەو شتانە هەموو پلوپووشن و «با» ئەیانبا؛ وەکوو بردنی، ئینجا ئەوانیش گەڕانەوە بۆ شتە بناغەییەکە؛ بۆ ئەو شتە کە ئێمەش نەتەوەیەکین و هەموو جۆرە ئەدەب و فۆلکلۆرێکمان هەیە، ئەو ئەدەب و فۆلکلۆرەمان ئەگەر خۆیشمان بڕۆین، ئەوان ئەمێننەوە. کە ئەوان مانەوە، مانەوەی ئەوان مانەوەی خۆمانە؛ چونکە نەتەوەیەک ئەگەر بیر و باوەڕ و زمانەکەی کەوتە سەر قاقەز و کەوتە بەرچاو، ئەو نەتەوەیە لەناوچوونی نابێت، با بە هەزاران تاوێریش بپلیشێنرێتەوە!

لەبەر ئەم شتانە و لەبەر ئەو هەموو ڕوولێنانە کە ڕوویان لێ ئەنام، بە تایبەتی لەم ماوەی دواییەدا بۆ لە چاپدانی بەرگەکانی تری ئەم کتێبە ئەوا منیش پاڵم نا بەو دیوارانەوە کە ئەهاتنە سەرم و ڕێگاکەم ساف کرد و کەوتمە مەیدانی لەچاپدانی بەرگەکانی تری ڕشتەی مرواری.

جارێک لە مەدرەسەی تورجانیزادەکان فەقێیەک هەبوو لە لای مەلا عەلی گەورە خوێندبووی. مەلا عەلی عەمری خوا ئەکا و مەلا حەمەحەسەنی کوڕی لە جێگاکەی دائەنیشێ. کاکە فەقێ لە لای ئەویش ئەخوێنێ. مەلا حەمەحەسەن ژن دێنێ و کوڕێکی ئەبێ؛ کوڕەکە منداڵ ئەبێ، ڕۆژێک ئەیبەن بۆ حوجرەی فەقێیەکان، کاکە فەقێ پڵتۆکێک ئەدا بەسەر ورگی منداڵەکەدا و ئەڵێ: ئم! ورگە ئەگەر نەمرین لای تۆیش ئەخوێنین. ئێستە منیش: ئم! ورگە ئەگەر نەمرین گەلێ بەرگی تری ئەم کتێبە ئەخوێنیتەوە!

ئەبێ ئەوەش بزانین کە ئەرکی چاپیش لە چاو ئەو ساڵانەدا یەکاویەک زیادی کردووە.