ئەگەر چوویتە بەغدا بە فیزێکەوە یا بە گێل...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  701 بینین

ئەگەر چوویتە بەغدا بە فیزێکەوە و یا بە گێلەگێل خەریک بووی ئەگەڕای، لەسەر ڕێگاکە لەبەردەمتا سەیرت کرد کیسەپارە و یا جزدانێک کەوتووە، تۆیش دەست ئەبەی هەڵی ئەگری و ئەیخەیتە باخەڵت، کتوپڕ کابرایەکت لێ پەیدا ئەبێ و خێرا بە شوێن ئەودا کابرایەکی تریش پێت ئەڵێ: ئەو جزدانە هی منە تۆ هەڵت گرت - تۆیش بۆی دەردێنی - و یا لەوانەیە هەر نەتخستبێتە باخەڵت و بە دەستتەوە بێ، کابرا لێت وەرئەگرێ و پاشان ئەڵێ: وەڵڵا باوکم خوا هەڵناگرێ ئەمە هی من نییە و ئەیداتەوە بە دەستتەوە، پێت ئەڵێ: من چاوم لێ بوو تۆ هەڵت گرت، ئەترسم جزدانەکەی خۆتت دابێ بە دەستمەوە!

تۆش ئەڵێی: نەوەڵڵا باوکم ئەمەیە کە هەڵم گرت، جزدانی خۆم لە باخەڵمایە. پێت ئەڵێ: کامەتە، بزانم با سەیرێکی ئەویش بکەم. تۆیش بە فیزێکەوە دەست ئەبەی جزدانەکەی خۆت دەردێنی و ئەیدەی بە دەستییەوە، سەیرێکی ئەویش ئەکا و ئەڵێ: بڕۆ، خوات لەگەڵ. تۆیش جزدانەکەی خۆت وەرئەگری و ئەڕۆی؛ لە پاش تۆزێک ئەتەوێ پارە خەرج کەی، کە دەست ئەبەی و جزدان دەردێنی، سەیر ئەکەی پڕیەتی لە کاغەزەشڕ و پارەی تێا نەماوە!

تۆمەس لەو وەختەدا کە جزدانەکەی لێ وەرگرتووی، بە تەڕدەستی، هەر لەبەر چاوتەوە پارەکەی لێ دەرهێناوە و بۆی پڕ کردوویەتەوە لە کاغەزەشڕە!

جا برام ئەگەر چوویتە بەغدا، فیز نەتگرێ، بڵێیت: کێ ئەتوانێ شتی وا لە من بکا؟! ئاگات لە خۆت بێ، نە جزدان هەڵ بگرە و نە جزدانی خۆشت بدەرە دەست کەس. «نە ئەو ناولنگانە و نە ئەو زەبرەقوونانە!». دواجار نەڵێیت ئاخر فڵانی تۆ بۆچ پێت نەوتم؟!

کە چوویتە بەغدا هەچ پارەیەکت پێیە لە شوێنێک دایمەنێ، بە تایبەتی کە چوویتە بازاڕ شت بکڕی و یەک دوو دینارێک بخەرە گیرفانێکت و بۆ ئەو وردە شتانە لەوە دەربێنە. ئیتر دەست مەکە بە ئەفەندییەتی و بابەکراغایی، دەست بەری لە بازاڕ لەسەر دوکانەکانا باقەدینار دەربێنی. کابرای وەستا بە خۆی و دەمە گوێزانێکی تیژەوە بە شوێنتەوەیە! وەختێ خەبەرت ئەبێتەوە کسپەیەک لە دڵتەوە دێت و ڕەنگت زەرد ئەبێ و ئەڵێیت: ئای پارەکەم نەماوە! جا نە ئەو فیز فیزانییە و نە ئەم تیز تیزانییەش! دواجاریش نەڵێیت ئاخر فڵانی بۆچ پێت نەوتم؟!