دوایی

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  707 بینین

ئەوا بەرگی دووەمی ڕشتەی مرواری لە ژێر چاپ دەرچوو؛ کەوتە بەر دەست خوێندەوارانەوە. من ماوەیەکی چەند ساڵییە لەگەڵ ئەم کتێبە خەریکم کۆم ئەکردەوە، لە ئەنجاما تا ئێستا دوو بەرگی لێ دەرچوو. لە بڵاوبوونەوەی بەرگی یەکەما سەیرم کرد لە لایەن خوێندەوارانەوە نوکات و قسەی خۆشم بۆ دێت، بۆ ئەوە کە لە بەرگی دووەما بڵاو بێتەوە.

بەڵام لەبەر ئەوە کە ڕێکخستنی ئەم بەرگە پێش ناردنەکەی ئەوان کەوت، داخەکەم ڕێک نەکەوت کە ئەوانەش بڵاو بکرێنەوە.

جارێ پێشەکی سوپاسی ئەو کەسانە ئەکەم کە ئەو شتانەیان بۆ ناردووم، سوپاسی ئەوەیان ئەکەم کە هەستیان بە خزمەتێک کردووە، بەو خزمەتە کە زمان و ئەدەبی کوردی پێویستە ببوورژێندرێتەوە و بخرێتە سەر کاغەز، بۆ ئەوە لەمە زیاتر دەربەدەر نەبێ و نەچێتە گۆشەی لەبیرچوونەوە.

بەڵێ ڕێک نەکەوت لە بەرگی دووەما بڵاو بکرێتەوە، بەڵام ئەم کتێبە وە نەبێ هەر دوو بەرگ بێ. من فیکرم وایە بە یارمەتیی خوا لەسەری بڕۆم و ئەدەبی شاراوەمان بە ئەندازەی توانا بەرەبەرە بیخەمە ڕوو. کەوابوو ئەوانەی کە شتیان بۆ ناردووم لە بەرگی سێهەما بڵاو ئەکرێنەوە و بەم زووانە بەرگی سێهەمیش دەرئەچێ.

هەروەها تکا ئەکەم لەو کەسانە کە تینووی ئەدەبی کوردین، چی ئەزانن و یا چییان بیستووە لە نوکات و قسەی خۆشی کوردی، لە ناردنەکەی درێخی نەکەن و بۆمی بنێرن.

لەوان ناردن و لە من بڵاوکردنەوە. ئومێد ئەکەم لەم ڕووەوە بە هۆی هەموو لایەکەوە ئەدەبی کوردی بگاتە ئاسمانی بەرزی و لە چاڵی بێنەوایی بێتە دەرەوە.

لە کردنی ئەم جۆرە ئیشانە و نووسین و چاپکردنی ئەمانە دوو خزمەتی گەورە بە کورد ئەکرێ: یەکەم ئەم جۆرە شتانە لەزەتی دەماخە و دەماخ و گیان پێ پۆشە، بەو هۆیەوە ئەخوێنرێتەوە زیاد لە شتانی تر، لەمەوە کوردیخوێندن بڵاو ئەبێتەوە؛ تەنانەت ئەو کەسانەش کە نازانن بخوێننەوە خۆشی کتێبەکە ناچاریان ئەکا بە خوێندنەوە و ئەمە بوو بە قوتابخانەیەکی گەورە؛ دووەم خزمەتێکە بۆ ئەدەبی کوردی بە زمانی کوردی و کە لای ڕۆژگار ئەیهێڵێتەوە. ئەم دوو شتە ئێمە ناچار ئەکا بە هەر شێوەیەک بێت، پێویستە خەریک بین و نەیەڵین ئەم خزمەتەمان لە دەست بچێت و هەرکەس هەر شتێکی لایە بە گوێرەی توانای کۆشش بکا بۆ زیندووبوونەوەی.