ئەم دوو سێ قسەشە بۆ تۆ یا بۆ ئۆتۆمۆبیلە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  461 بینین

ئەم دوو سێ قسەشە بۆ تۆ، یا بۆ ئۆتۆمۆبیلەکەی تۆ:

ئەگەر چوویتە بەغدا بە فیزێکەوە و یا بە گێلەگێل بە ناو بازاڕ و کۆڵانا ئەگەڕایت، کتوپڕ سەیرت کرد دوو کەس لێیان بووە بە مڕومشت، سەعاتێکی زرقوبرقیان بە دەستەوەیە، یەکێکیان بە کوردی و یا بە زڕەکوردی قسە دەکا، هاتن بە لاتەوە، زڕە کوردەکە و یا ئەویکەیان وتی: «خاڵە ئەم کابرایە هەندێ پارەی لامە، ئێستە ئەیەوێ سەعاتەکەم لێ بستێنێ، لەباتی نیوەی پارەکەی، لەگەڵ ئەوەدا سەعاتەکەی من دوو ئەوەندەی پارەکەی ئەو دێنێ»، و یا وتی: ئێمە لێک تێ ناگەین، من کوردم و ئەو عەرەبە، تۆ ببە بە دیلماجمان و ڕێکمان خە، تۆیش ئەکەویتە قسە. ئینجا دێتە سەر ئەوە ئەڵێ: خاڵە سەعاتەکەی من دە دینار دێنێ - بە میسال - ئەو ئەوەتە ئەڵێ بە شەش دینار بیدە بە من، من ئەمە عەرەبە، سەگبابە، نایدەمێ، تۆ کوردیت و لە خۆمانی ئەتدەمێ بە چوار دینار، هەر بۆ ئەوە دەست ئەم سەگبابە نەکەوێ.

جا کوڕە نەکەی تەماع بتگرێ و توخنیان کەوی، ئەوە درۆ ئەکەن و ئەیانەوێ دەستت ببڕن، هەرکە شتێکی وات چاو پێ کەوت، ملی ڕێی خۆت بگرە و بڕۆ، نەکەی بە دەمیانەوە بوەستی و دەست بکەی بە کوێخایی و پیاوچاکی، ئەگینا دەردی پیاوەتی پیاوەکەی کەلیخانت لێ دێت! دواجاریش نەڵێیت فڵانی ئەی تۆ بۆچ پێت نەوتم؟!