کابرایەک لەو خوارە چووە شار و زۆری برسی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  504 بینین

کابرایەک لەو خوارە چووە شار و زۆری برسی بوو، هیچ پارەشی پێ نەبوو، بە بەر چێشتخانەیەکا تێپەڕی، بە تەواوی ئیتر نەیتوانی بڕوا. چووە ژوورەوە بۆیان دانا و تێروپڕی خوارد، پاشان هەستا هاتە لای کابرای خاوەن چێشتخانە و وتی: «ئەرێ برا ئەگەر یەکێ پارەی پێ نەبێ و بێتە ئێرە چی لێ ئەکەن؟» کابرا وتی: «ئەوەی پارەی نەبێ، نایەتە ئێرە». وتی: ئەوا وتمان پارەی نەبوو، هاتیش. وتی: کەوا و سەڵتە و سەروپۆتەلاکی لێ ئەکەینەوە و دەری ئەکەینە دەرەوە. وتی: ئەگەر کەوا و سەڵتە و شتیشی لەبەرا نەبوو، چی لێ ئەکەن؟ ئەویش وتی: چی لێ ئەکەین؟ ئەیگرین دوو شەقی تێ هەڵئەدەین و ئەیکەینە دەرەوە. ئینجا کابرا پشتی هەڵ کرد و وتی: دە براکەم دوو شەقەکە لە من هەڵدەن و بمکەنە دەرەوە.