فەقێیەکی ئەو موکریانە بە ناوبانگی مەلای...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  475 بینین

فەقێیەکی ئەو موکریانە بە ناوبانگی مەلای قەرەداغەوە بەسەر سلێمانیدا دێت و ئەچێ بۆ ئەوێ، بۆ خوێندن. لە پاش شەوێک خێرا ئەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی کە بچێتەوە بۆ وڵاتی خۆی. کە لێی ئەپرسن بۆچ وا خێرا گەڕایتەوە؟ ئەڵێ:« کاولم کردەوە، کوڕە! بە بۆقلەموون ئەڵێن عەلیشیش». پێی ئەڵێن: بابە تۆ دەخڵت چییە بەوەوە کە بە بۆقلەموون ئەڵێن عەلیشیش؟ ئەڵێ: «کاولم کردەوە، قورعان وابێ و سوێن وابێ، من شەو لەو وڵاتە ڕۆژ ناکەمەوە کە بە بۆقلەموون بڵێن عەلیشیش».